حکومەت و پەرلەمان و کۆمسیۆن بە هاوبەشی رۆژی هەڵبژاردن دیاریی دەکەن

شیروان زرار، وتەبێژى کۆمسیۆن

(سبەى):

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ هەفتەی داهاتو حکومەت و پەرلەمان و کۆمسیۆن کۆدەبنەوە و بە هاوبەشی رۆژی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریی دەکەن.

نیوەرۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، شیروان زرار، وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوپاتى کردەوە کە وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیاریى نەکراوە و ئەوەش لە دەسەڵاتى کۆمسیۆندا نییە و وتى:” هەفتەی داهاتو حکومەت و پەرلەمان و کۆمسیۆن کۆدەبنەوە بۆئەوەى بە هاوبەشی رۆژی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریی بکەن”.

زرار ئاماژەى بەوەکرد کەموکوڕییەکانی تۆماری دەنگدەران و ژمارەی ناوی مردوان و دوبارە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن و وتیشى:”بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن پێویستمان بە (30) ملیۆن دۆلارە”.

ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر (سبەى) لە زارى دیارى حاجى عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى ئەنجومەنى کۆمسیاران بڵاویکردەوە؛ کۆمسیۆن وادەى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیاریى نەکردوە.

هەروەک د. بەهار مەحمود جێگرى سەرۆکى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە (سبەى) وت:”یان دەبێت لە (6)ى ئەیلول و دواى کۆتایى هاتنى ماوەى درێژکراوەى پەرلەمان هەڵبژاردن بکرێت، یاخود ئەگەر پیش ئەو وادەیە رۆژێک دیارى بکرێت دەبێت (56) ئەندامى ئەم خولەى پەرلەمان دەست لەکار بکێشنەوە بۆئەوەى پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە یان ئەو یاسایەى بۆ درێژکردنەوەى دو خولى گرێدانى پەرلەمان دەرکراوە هەموار بکرێتەوە و بکرێت بە یەک خولى گرێدان”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە