هه‌نگاو هاشم
چونی وه‌فدی هاوبه‌شی بزوتنه‌وه گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری جموجۆڵ و ئومێدی بیناكردوه له فه‌زای سیاسی كوردستان و شه‌قامدا، ئه‌و وه‌فده كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خۆشیان رایانگه‌یاند كه بۆ دانوستاندن نه‌چون، به‌ڵكو خواست و داواكاریه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان گه‌یاندوه، هه‌ڵگرتنی په‌یام و خواستی هاوڵاتیان ئه‌ركی هه‌مو هێزێكه كه خۆی به به‌رپرس بزانێت به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌كۆی ژیانی خه‌ڵك و خاكه‌وه هه‌بێت، له‌وانه‌ش كه ئه‌و وه‌فده هه‌ڵگری بون باسكردنی ژیان و قوتی خه‌ڵك و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێن و كه‌موكورتیه‌كانی بودجه‌ی گشتی و نه‌هێشتنی گرژی و پێشێلكارییه‌كانی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه له حوكمڕانی و بڕیاردان.
هاوكات چونی ئه‌و وه‌فده چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك و لێكه‌و‌ته‌ی گرنگیشی به‌دوای خۆیدا هێنا له‌وانه:
– چونی ئه‌و وه‌فده به‌سته‌ڵه‌كی نێوان به‌غداو هه‌رێمی توانده‌وه و له‌دوای چونیان بۆ به‌غدا چه‌ند ئاماژه و په‌یامێكی نه‌رم له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه دراوه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عیراق له‌باره‌ی پرسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، هه‌روه‌ها په‌یامی هه‌وڵدان بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
– یه‌كێكی دیكه له ده‌ستكه‌وت و لێكه‌وته‌كانی چونی ئه‌و وه‌فده سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بو بۆ ده‌ربازبونی هه‌رێمی كوردستان له‌و په‌راوێزخستنه‌ی دوای ریفراندۆم و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌مەریكا به‌فه‌رمی له زاری هیزه‌ر ناوێرت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌وه ستایشی ئه‌و هه‌وڵه‌ی كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداو خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م هه‌ڵویست و پشتیوانی ئه‌مەریكایه له‌دوای ریفراندۆمه‌وه، پشتیوانیه‌كی ده‌گمه‌نی ئه‌و وڵاته‌یه كه به‌جۆرێك بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردو هێزی پارتی و یه‌كێتی بێت و جۆرێكی نوێی مامه‌ڵه‌ی ئه‌مەریكای پێوه‌دیاره له‌گه‌ڵ هێزی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی.
– ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی چونی ئه‌و وه‌فده دروستیكرد نه‌هێشتنی پاشاگه‌ردانی و ئه‌و جڵه‌وه‌یه كه له رابردودا پارتی به‌حوكمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یبوه پیاده‌ی كردوه، كه به‌جۆرێك بوه هه‌میشه پارتی داوای یه‌كڕیزی كردوه به‌مه‌رجێك هه‌مو هێزه‌كانی یه‌كڕیز بن و له‌پشتیه‌وه بوه‌ستن و خۆی چه‌ند شه‌قاوێك له‌پێشتری ئه‌و ریزه‌وه بوه‌و چۆنی ویستوه وایكردوه به‌هه‌ماهه‌نگی چه‌ند لایه‌نێكی دیكه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بونی به دامه‌زراوه‌یی و به‌نیشتیمانی بونی په‌یوه‌ندیه‌كان و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی په‌یوه‌ندیه‌كان لای پارتی، هه‌میشه لایه‌نه‌كانی دیكه چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوه‌كانی پارتی بون له‌ڕوی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌ڕوی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه، ده‌رئه‌نجامی ئه‌مانەش به‌كۆمه‌ڵێك شكست بۆ خۆیان و نه‌هامه‌تی و قه‌یران بۆ گه‌لی كورد كۆتایی هاتوه.
بۆیه چونی ئه‌و وه‌فده له‌جێی خۆیدا بوه‌و ده‌كرێت زیاتر په‌لبهاوێت كه سێ لایه‌نی كاریگه‌ری له خۆی گرتوه، تاكو رۆڵی گرنگی هه‌بێت له روداوه‌كان وه‌ك به‌ره‌یه‌كی ئینقازی له‌و قه‌یرانانه‌ی دوچاری هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بوه.