بە هاوەن هێرش دەکرێتە سەرخورماتو

(سبەی):

ئەمڕۆ چه‌ند گولـلە‌ هاوه‌نێك ئاراستەی قه‌زای‌ خورماتو كرا‌ و شه‌ش برینداری لێکەوتەوە، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراقیش لیژنه‌یه‌ك بۆ روداوه‌كانی‌ خورماتو ‌و ده‌وروبه‌ری‌ پێکدەهێنێت.

په‌یامنێری (تۆڕی میدیای گۆڕان) له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیسی قه‌زای خورماتوه‌وه‌ رایگه‌یاند؛ به‌یانی ئه‌مڕۆ دوشەممە شه‌ش گولـلە‌ هاوه‌نی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ئاڕاسته‌ی گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری ‌و ناو بازاڕی قه‌زاكه‌ كراون و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س برینداربون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ داوای كردوە ناوه‌كه‌ی‌ بڵاو نه‌كرێته‌وه،‌ وتی‌: دوای هاوه‌نبارانه‌كه‌، تۆپخانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی گوندی له‌ك ‌و قوشه‌لان- یان له ‌ناوچه‌ی داوێ ‌و داوده‌ تۆپباران كردوه‌.

په‌یامنێری (تۆڕی میدیای گۆڕان) ئاماژەی بەوە ‌كردوە، ئێستا به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ترس ‌و دڵه‌ڕاوكێی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زاكه‌وه‌، ده‌رگای خوێندنگه‌كان داخراون ‌و چه‌ند خێزانێكی گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ریش ماڵه‌كانیان چۆڵ كردوه‌.

نائارامییەکانی ئەمڕۆی خورماتو لە کاتێکدایە کە ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق داواكاریی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمه‌ند بۆ به‌دواداچونی‌ كێشه‌كانی‌ قه‌زای‌ خورماتو خستەر دەنگانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.

ئه‌ندامێكی‌ كوردی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند؛ ئامانج له‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌كه‌، به‌دواداچونه‌ بۆ راستی ئه‌و روداو و پێشێلكارییانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ قه‌زای‌ خورماتو و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی‌ كورد ئه‌نجام دراون.

 

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە