(سبەى):
زیندانیكراوێكی ئیسپانی، پاش وەستانى دڵى و راپۆرتی پزیشكیی سەبارەت بەمردنی و ئامادەكاریی بۆ توێكاریی جەستەی، زیندو دەبێتەوە و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشكیدایە.
بەپێى هەواڵێكی (بی بی سی)، زیندانییەكی ئیسپانی دەگەڕێتەوە بۆ ژیان، دوای ئەوەی سێ پزیشك پشكنینی بۆ دەكەن و لە راپۆرتدا واژۆ لەسەر مردنەكەی دەكەن و دواتریش دەخرێتە بەفرگرەی مردوانەوە.
ناوی ئەو زیندانییەی كە لە پاش مردنی بۆ ماوەیەك، گەڕایەوە بۆ ژیان، گۆنزالۆ مۆنتۆیایە و لە گرتوخانەی هەرێمی ئەستۆریاس زیندانی بوە، دوای چەند سەعاتێک بەسەر راگەیاندنى مردنەكەیەدا و لە كاتی ئامادەكاریی بۆ توێكاریكردنی جەستەی، گیانی بەبەردا هاتوەتەوە.
میدیاكانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردوە؛ زیندانیكراوەكە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێریی پزیشكیدایە، پزیشكەكان وتویانە: ئەو حاڵەتەی بەسەر گۆنزالۆدا هاتوە، پێی دەوترێت بورانەوەی دارینە و كەسی توشبو وەكو مردوی لێدێت.