حكومەت فشارەكانی بۆ بێ دەنگكردنی داواكاری گشتی سلێمانی چڕدەكاتەوە

دەقى ئەو نوسراوەى داواکارى گشتى لەبارەى پێشێلکارى بەشێک لە هێزەکانى ئاسایش ئاراستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى کرد لە سەرەتاى ئەمساڵدا..

(سبەى)

حكومەتی هەرێم فشارەكانی بۆ سەر داوكاری گشتی چڕتر كردوەتەوە و بەهۆی هەڵوێستەكانی بۆ بەرگری لە مافی خەڵك و خۆپیشاندەران لە هەوڵی لابردنی سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانیدایە، سێ‌ فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانیش پشتیوانی لە كارەكانی داواكاری گشتی سلێمانی دەكەن.

داواكاری گشتی سلێمانی، تروسكاییەك لە تاریكی و بێئومێدیدا، ئەو كاتەی لە (17) شوباتدا خۆپیشاندەران شەهید و بریندار دەكران، بەسەدان كەس دەستگیركران ئەم دەزگایە هاتە دەنگ و لە دۆسیەی قائیمقامی سلێمانی و گەندەڵی زەویوزار و زیادەڕۆییەكانی بەرپرسان لەسەر كەرتی كارەبا هەر ئەم دەزگایە رۆڵی خۆی بینی، بەهۆی هەڵوێستەكانی ئەو دەزگایە بۆ پشتیوانی   خەڵك هەمیشە لەژێر فشاری حكومەتدا بوە و ئێستاش فشار بۆ لابردنی سەرۆكی ئەو فەرمانگەیە دەكرێت.

سێ‌ فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ كارەكانی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی دوپاتدەكەنەوە و بە دەزگایەكی گرنگ لە قەڵەمی دەدەن.

لە دوای هەڵوێستەكانی سەرۆكی فەرمانگەی داوكاری گشتی سلێمانی بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر داخستنی پەرلەمان و سیستمی نایاسایی پاشەكەوتی موچە و نادیاری داهاتی نەوت و رێگری لەهێنانی بەنزینی خراپ و دواترینیان جوڵاندنی سكاڵا دژی پێشێلكاری هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردو روبەڕوی فشاری زۆری سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و دەسەڵاتی جێبەجێكردن بوەتەوە.

لە درێژەی فشارەكانی سەر داواكاری گشتی سلێمانی، لە سەرەتای ئەم مانگە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێم لێدوان و بەشداری كۆڕ و سیمیناری لە هەمو ئەندامانی قەدەغەكرد بەبێ‌ رەزامەندی نوسینگەی سەرۆكی داواكاری گشتی.

هەوڵى لابردنى بەڕێوەبەرى داواکارى گشتى سلێمانى لە کاتێکدایە لە سەرەتاى ئەمساڵدا نوسراوێکى فەرمى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى کردوە لەبارەى خۆپیشاندانەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى کە (سبەى) دەقەکەى بڵاوکردەوە و تێیدا داوایکردبو لە رێگەى ئەنجومەنى وەزیرانەوە لە هەڵویست و دەستگیرکردنى خۆپیشاندەران بکۆڵێتەوە و ئەوەشى خستبوەڕو کە سکاڵاى یاساى دژى هەندێک لەو هێزانە دەجوڵێنێت کە بە نایاسایى رەفتاریان کردوە و بێ فەرمانى دادوەر بە بەکارهێنانى ئەو هێزانەى بۆیان دابینکراوە خۆپیشاندەرانیان دەستگیر کردوە.

لە ماوەی شەش ساڵی رابردوشدا بەهۆی هەڵویستە جدیەكانیانەوە سێ‌ بەڕێوەبەری داواكاری گشتی سلێمانی لەلایەن سەروخۆیانەوە ناچار بەدەست لەكاركێشانەوە كراون.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە