(سبەی):
له كاتی گواستنه‌وه‌ی چه‌ند به‌ندكراوێكدا له به‌ندیخانه‌ی فیدراڵی چه‌مچه‌ماڵ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شه‌ڕه ته‌قه له نێوان دژه تیرۆر و چه‌ند چه‌كدارێكدا رویداوه و به‌هۆیه‌وه كه‌سێك كوژرا و سیانی دیكه برینداربون.
رەمك ره‌مه‌زان قائیمقام و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئەمنی قەزای چه‌مچه‌ماڵ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند: به‌هۆی روداوه‌كه‌وه ئه‌فسه‌رێك له لیوای سێی تایبەتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كوژراوه و سێ کەسی دیكه برینداربون.
له راگه‌یه‌نراوێكیشدا ده‌زگای دژه تیرۆر بڵاوی کردەوە؛ له كاتی جێبه‌جێكردنی گواستنه‌وه‌ی به‌ندكراوانی به‌ندیخانه‌كه‌دا چه‌ند چه‌كدارێك په‌لاماریان داون و به‌و هۆیه‌وه شه‌ڕ دروستبوه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی پەیامنێری (تۆڕی میدیای گۆڕان)، پێشتر (1780) به‌ندكراوی كورد و عه‌ره‌ب له به‌ندیخانه‌ی فیدراڵی چەمچەماڵدابون کەسەر بە وەزارەتی دادی حکومەتی عێراقە، دواتر حکومەتی بەغدا ژماره‌یه‌كی لێ گواستونه‌ته‌وه، ئێستاش نزیكه‌ی (500) به‌ندكراو له به‌ندینخانه‌كه‌دا ماون و ده‌گوازرێنه‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی سوسێ لە نزیک شارۆچکەی پیرەمەگرون.