مامۆستا و خوێندكارە عەرەبەكانی نیشتەجێی سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد

(سبەى):

خوێندكاران و مامۆستایانی خوێندنگەی ئاوارە عەرەبەكانی سلێمانی دژی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی عێراق كە تایبەتە بە داخستنی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد و رایدەگەیەنن ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، لەبەرئەوەی تائێستاش هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچەكانیاندا ماوە.

ئەو مامۆستا و خوێندکارانە ئاماژە بەوە دەکەن؛ شارەكانیان خاپوركراون و ئاوەداننەكراونەتەوە و هێشتا هیچ خزمەتگوزارییەك لە شارەكانیان بەردەست نییە، لەبەرئەوە داوا لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەكەن بڕیارەكەی هەڵبوەشێنێتەوە.

یەکێک لەو خوێندكارانەى ناڕەزایەتى دەردەبڕێت لە بڕیارەکە و بەشداریى خۆپیشاندانەکەى کرد، دەڵێت: “ئێمە داوای ئاسایش و ئارامی دەكەین ئەوە ئێمە گەڕاینەوە بۆ ناوچەكانمان یەكەم شت ماڵەكانمان هەموی وێرانكراوە و هیچ خزمەتگوزارییەك نییە نەتەندروستی نە بینای خوێندن، ئەگەر ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزاریەكانمان بۆدابین بكرێت ئەوا بێگومان دەگەڕێینەوە”.

خوێندکارێکى دیکە بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى وت: “بارودۆخ باشنییە لەوێ ناوچەكە ئارامن نییە، بەشێك لە خوێندكارەكان لەوێ ماڵەكانیان روخاوە و ناتوانن جارێكی تر بگەڕێنەوە و خانو دروستبكەنەوە، هەژارن، یەعنی چۆن بگەڕێینەوە”.

مامۆستایەکیش وتى:”ماڵمان نییە، یەعنی بۆ كوێ بگەرێینەوە بچینەوە سەرشەقەماكان؟، خۆمان و مناڵەكانمان لە روی دەرونییە ماندوبوین، لەو هەمو كارەساتەی ئەوێ چۆن بگەڕێینەوە، داواكارین لە وەزیری پەروەردە بۆ چەند ساڵێكی تر لێرە بمانهێڵێتەوە تابزانین بارودۆخی ئەوێ چی لێدێت”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە