“پەکەکە لە پەلامارەکانی سوپای تورکیا بێدەنگ نابێت”

قەرەیلان

(سبەی):

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، رایگەیاند؛ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ عەفرین بێدەنگ نابن و دەبێت کورد لە هەمولایەکەوە دژی پەلامارەکانی تورکیا بوەستنەوە.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە دیدارێکی (ستێرک تیڤی)دا سەبارەت بە پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆسەر کانتۆنی عەفرین وتی: “ئەو کارەی سوپای تورکیا تێکدەشکێنین و (پەکەکە) لە ئاست ئەو پەلامار و هەڕەشانەدا بێدەنگ نابێت، بەڵام جیهان دەبێت روبەڕوی ئەو پێشێلکاری و پەلامارانە ببێتەوە”.

قەرەیلان وتی: “سوپای تورکیا لە ئاستێکدا نییە کە بتوانێت عەفرین داگیر بکات، چونکە ئەو سوپای نۆ مانگ نەیتوانی بچێتە ناو شاری نسێبین لە باکوری کوردستان، ئەو سوپایە دوای سێ مانگ کە نەیتوانی بچێتەوە ناو شارۆچکەی بابەوە دواجار لە رێگەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانەوە پلان و ئۆپەراسیۆنەکانی لەو شارۆچکەی باکوری سوریا جێبەجێ کرد”.

هەروەک جەختی لەوە کردوەتەوە کە سوپای تورکیا توانای داگیرکردنی عەفرینی نییە، بەڵام بەپێویستى دەزانێت کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان ئامادەبن بۆ بەرگریی لەو بەشەی نیشتیمان.

لەو وتانەیدا قەرەیلان رەخنەى لە هەڵوێستی ئەمەریکا گرتوە سەبارەت بە عەفرین و رایگەیاند؛ هەڵوێستەکانی ئەمەریکا دۆستانە نییە چونکە بەشێک لەو هێزانەی لە چوارچێوەی هێزکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەگەڵ ئەمەریکا شەڕی داعشیان کردوە لە عەفرین و مەنبەج جێگیرن کە سوپای تورکیا دەیەوێت پەلاماری بدات.

هەروەک داوایکردوە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست پرسی کورددا بێدەنگ نەبێت، چونکە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە