یاسای خانەنشینی یەکخراوی ژمارە (9)ی ساڵی (2014)ی عێراق

د . بایەزید حەسەن

هەروەکو ئەم یاسایە بە ناوەکەیدا دیارە و هەمو یاسا خانەنشینییەکانی پێشوی عێراقیش کە نزیکەی لە (10) یاسا زیاترە، لە خۆگرتوە بۆ ئەوەی  موچەی خانەنشینی پلە باڵاکان کەمبکرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەکانیش زیاد بکرێت و دادپەروەری بەرقەرار بێت و هەمو هاوڵاتییەکیش کە خانەنشین دەبێت مافی پارێزراو بێت.

ئەم یاسایە لە 1/1/2014  کەوتوەتە بواری کارپێکرنەوە، لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا نزیکەی (17) یاسای خانەنشینی هەیە و کاریان پێدەکرێت و پێویستە هەمو ئەو یاسایانە لە یەک یاسای خانەنشینی هەرێمدا کۆبکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یان سود لە یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق ژمارەی (9)ی ساڵی (2014) وەربگیرێت بۆ دانانی یاسایەکی خانەنشینی گشتی بۆ هەرێم، یان ئەم یاسای خانەنشینی یەکخراوەی عێراق وەک بنچینە وەربگیرێ و هەندێک گۆڕانکاری کەمی تێدا بکرێ کە لەگەڵ واقیعی کوردستاندا بگونجێ بەمەرجێک ناوەرۆکەکەی بپارێزرێت و موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەوانەی هاوتاکانیان لە عێراق کەمتر نەبێت.

گرنگترین خاڵە گرنگەکانی یاسای خانەنشینی یەکخراوی ژمارە 9ی ساڵی 2014 عێراقی فیدراڵ خراونەتەڕو، وردەکارییەکانی ماددە و بڕگەکانی ئەم یاسایە لەم نوسینەدا ناکرێت باس بکرێن، چونکە نوسینەکە دورودرێژ دەبێت. لەو خاڵانەی لەم نوسینەدا خراونەتەڕو، لە کۆتایی هەر خاڵێکیاندا لە ناو کەوانەدا ماددە  یان ماددە و بڕگەی یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق نوسراوە، ئەویش بۆ ئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی وردەکاری ماددەکە یان بڕگەکە بزانێ لە دەقی یاساکەدا بە ئاسانی بیدۆزێتەوە :

  1. هەمو فەرمانبەرێک کە لە وەزیفەدا بێت مانگانە (25%)ی موچەی دەبڕێت و دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی نیشتیمانی، لەو (25%)یە، فەرمانبەر (10%) موچەی دەدات کە لە موچەی مانگانەی دەبڕێت و حکومەتیش (15%)ی بۆ دەدات (ماددەی 17 / بڕگەی یەکەم).
  2. فەرمانبەر لە تەمەنی 63 ساڵی خانەنشین دەکرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتەکەی، بەڵام ئەگەر فەرمانبەرەکە تەمەنی 63 ساڵی تەواو کرد، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت خزمەتەکەی بۆ درێژبکاتەوە ئەویش بە رەچاوکردنی جۆری پسپۆڕی و جۆری وەزیفەکەی و پێویستی فەرمانگەکە بەو فەرمانبەرە (ماددەی 10 / بڕگەی یەکەم).
  3. فەرمانبەر ئەگەر تەمەنی گەیشتە پەنجا ساڵی دەتوانێ داوای خانەنشینی بکات یان ئەگەر خزمەتی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت (ماددەی ١٢ / یەکەم).
  4. فەرمانبەرێک لەسەر کار لابرابێ یان دەرکرابێت یان وەزیفەکەی جێهێشتبێت یان دەستی لەکارکێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی بێبەش ناکرێت، بەڵام خانەنشینی بۆ خەرج ناکرێت تاکو تەمەنی 50 ساڵی تەواو نەکات و بەلایەنی کەمەوە خزمەتی لە 20 ساڵ کەمتر نەبێت (ماددەی 13).
  5. ئەگەر فەرمانبەرێک لە کاتی خزمەتی وەزیفیدا توشی نەخۆشیەک بێت چاکبونەوەی نەبێت و لیژنەی پزیشکی بڕیایی یەکلاکەرەوەیدا کە بەکەڵکی وەزیفە نەماوە، ئەوا فەرمانبەرەکە خانەنشین دەکرێت بێگوێدانە ماوەی خزمەتە وەزیفییەکەی و ئەگەر خزمەتەکەی لە 15 ساڵیش کەمتر بێت ئەوا بۆی دەگەیەنرێتە 15 ساڵ (ماددەی 15 / یەکەم، ماددەی 16 / یەکەم، دوەم).
  6. هەر ماوەیەک بۆ مەبەستی خزمەتی خانەنشینی ئەژمار بکرێت ئەوا دەبێت ئەو ماوەیە پارەی خانەنشینی بۆ درا بێت، ئەگەر بۆی نەدرێت بە خزمەتی خانەنشینی ئەژمار ناکرێت (ماددەی 20 / یەکەم).
  7. ئەو فەرمانبەرەی دادەمەزرێنرێ یان دوبارە دادەمەزرێنرێتەوە دەتوانێ داوای ئەو خزمەتەی پێشوی بکات کە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت کردویەتی، ئەگەر پارەی خانەنشینی بۆ ئەو ماوە خزمەتەی نەدابێ ئەوا دەبێت بیدات. هەر ماوەیەکی خزمەتکردنی وەزیفی کە داوا دەکرێت بۆ خانەنشینی ئەژمار بکرێت دەبێت پارەی خانەنشینی بۆ درابێت، ئەگەر پارەی خانەنشینی بۆ نەدرێت ئەوا ماوەکە بۆ خانەنشینی ئەژمار ناکرێت (ماددەی 18 / دوەم).
  8. ماوەی خزمەتی وەزیفی پێش تەمەنی (18) ساڵی یان ماوەی خزمەتی وەزیفی دوای تەواوکردنی تەمەنی (63) ساڵی بۆ خانەنشینکردن ئەژمار ناکرێت (ماددەی 20 / یەکەم ، خاڵی د ، ‌ه)، بەڵام ئەوەی تەمەنی (63) ساڵی تەواو کردبێ و بە فەرمانی ئەنجومەی وەزیران خزمەتی وەزیفییەکەی بۆ ماوەی (3) ساڵ یان کەمتر درێژکرابێتەوە، ئەوا ئەو ماوە درێژکراوەی بە خزمەت بۆ ئەژمارە دەکرێت ( ماددەی 11).
  9. ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت، ئەگەر خزمەتی وەزیفییەکەی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت ئەوا شایستەی موچەی خانەنشینییەو ئەو موچەیەشی بۆ خەرج ناکرێت تاکو تەمەنی نەگاتە 50 ساڵ (ماددەی 21 / یەکەم).
  10. موچەی خانەنشینی بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەژمار دەکرێت (ماددەی ٢١/دوەم): موچەی خانەنشینی = تێکرایی موچەی  بنەڕەتی سێ ساڵ × ٥ر٢ ×ساڵانی خزمەت ÷ 100

ئەگەر  فەرمانبەرێک لە شەش مانگ  زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا بەیەک ساڵ بۆی ئەژمار دەکرێت (ماددەی 21 / سێهەم).

  1. کەمترین رادەی موچەی خانەنشینی (400) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی مەعیشەتیشەوە (ماددەی 21 / چوارەم)و هەروەها نابێت موچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێک لە (100%)ی موچەکەی بنەڕەتییەکەی کە لە وەزیفەکەدا بوە زیاتر بێت (ماددەی 21 / پێنجەم).
  2. خانەنشینکراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر موچەی خانەنشینییەکەی کە بەپێی هاوکێشەکەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە (ماددەی 35 /دەیەم) و بەم شێوەیەی خوارەوە :

ا-  بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی- ٥ % ی  موچەی خانەنشینی دەدرێتێ

ب- بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس – 10% ی موچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

ج- بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر – 15% ی موچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

د- بۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا – 20% ی موچەی خانەنشینی دەدرێتێ.

ه- بۆ هەر ساڵێک خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی (معیشة)ی بەرێژەی  1%  دەدرێت بە خانەنشین ( ماددەی 35 / نۆیەم ) بۆ نمونە، ئەگەر خانشینێک 20 ساڵ خزمەتی فەرمانبەری هەبێت ئەوا موچەی خانەنشینییەکەی بە رێژەی  20% زیاد دەکات. ئەم دەرماڵەیە ئەوانە ناگرێتەوە کە موچەی خانەنشییەکەیان لەسەر بنچینەی کۆی موچەی فەرمانبەری و دەرماڵەکان بۆ ئەژمار دەکرێ وەکو پارێزەران و دادوەران و مامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنوس .

  1. ئەوەی خانەنشین دەکرێت بە هۆی تەواوکردنی تەمەنی (63) ساڵی، ئەگەر خزمەتی لە (15)ساڵ کەمتر بێت و لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوا موچەکەی بۆ هەر ساڵێک لە (15) ساڵ تاکو (10) ساڵ بەبڕی (50) هەزار لە (400) هەزارەکەی کەم دەکات  واتە بۆ خزمەتی 14 ساڵ (350) هەزار دینار وەردەگرێ  بۆ 10 ساڵ (150) هەزار دینار وەردەگرێ ( ماددەی 21 / شەشەم).
  2. ئەم یاسای خانەنشینییە بۆ ئەوانەش دەبێت کە (امر سلطة الائتلاف الموءقتة ” المنحلة ”  رقم 91 لسنة 2004) دەیانگرێتەوە واتە ئەوانەی کە لە دژی رژێمی سەددام جەنگاون  (ماددەی 21 / دەیەم ، خاڵی ب).
  3. ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت لەسەر بنەمای گەیشتنی بە تەمەنی خانەنشینی یان لەسەر داوای خۆی کە مەرجەکانی تێدا بێ یان بەهۆکاری تەندروستییەوە، ئەگەر خزمەتی وەزیفی لە (30) ساڵ کەمتر نەبێت ئەوا پاداشتی کۆتایی خزمەتی بۆ خەرج دەکرێت بەم جۆرە دەبێت :

پاداشتی کۆتایی خزمەت = دوا موچە لەگەڵ دەرماڵەکانی × ١٢ (ماددەی 21 / نۆیەم).

  1. ئەو فەرمانبەرەی خزمەتی وەزیفییەکەی لە (15) ساڵ کەمترەو خانەنشین نابێت، ئەوا پاداشتی خانەنشینی بەم جۆرە بۆ خەرج دەکرێت:

پاداشتی خانەنشینی =  دوا موچەی وەزیفی × ٢ × ژمارەی ساڵەکانی خزمەت   (ماددەی 22 / یەکەم ، ئەلف).

ئەگەر خزمەتی لە 6 مانگ کەمتر نەبێت ئەوا بە ساڵێک ئەژمار دەکرێت  (ماددەی ٢٢ / یەکەم ، ب).

  1. ئەگەر فەرمانبەرێک پاداشتی خانەنشینی وەرگرتبێ لەبەر ئەوەی خزمەتی وەزیفی تەواوی نەبوبێت بۆ خانەنشینی، ئەوا ئەگەر گەڕایەوە بۆ سەر وەزیفە دەبێ ئەو پاداشتەی وەریگرتوە بێگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و دواتر کە بەپێی یاسای خانەنشینی خانەنشین دەبێت، ئەوا ساڵانی خزمەتی پێش وەرگرتنی پاداشتی خانەنشینی و ساڵانی دوای گەڕانەوەی بۆ سەر وەزیفەی بۆ ئەژمار دەکرێت بۆ مەبەستی موچەی خانەنشینی (ماددەی 23 / یەکەم).
  2. فەرمانبەر دەتوانێ داوای ئەوە بکات کە ئەو خزمەتەی لە کەرتی تایبەت هەیەتی بۆی بخرێتەسەر ئەو خزمەتەی کە لە حکومەت کردویەتی بۆ مەبەستی خانەنشین بە مەرجێک ئەو خزمەتەی کەرتی تایبەتی کە بۆی دەخرێتەسەر خزمەتی وەزیفییەکەی لە نیوەی خزمەتی وەزیفییەکەی زیاتر نەبێت (ماددەی 19 / سێهەم).
  3. ئەنجومەنێک دروست دەکرێت بە ناوی (ئەنجومەنی وردبینی کێشەی خانەنشینان ) بۆ تەماشکردنی سکالای ئەوانەی تانەیان لەسەر بڕیارەکانی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی هەیە یان خۆیان بە ماف خوراو دەزانن (ماددەی 29 / یەکەم).

20 بڕگەی شەشەمی ماددەی (35) ی ئەم یاسایە کە تایبەتە بە خانشینکردنی باڵیۆزەکان و ماددەی (37) کە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەکان (سەرۆککۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیر، جێگری وەزیر، راوێژکاران، بەڕێوەبەری گشتی . . . هتد) و بڕگەی سێهەمی ماددەی (38) کە تایبەتە بە (خانەشینکردنی   بەڕێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەکان) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و کاریان پێناکرێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین.

  1. ئەم یاسایە نزیکەی (10) یاسای پێشوی خۆی کە تایبەتن بە خانەنشینی هەڵوەشاندۆتەوەو تەنیا 3 یاسا نەبێت کە هەڵینەوەشاندونەوە (ماددەی 38 / یەکەم، دوەم ) ئەوانیش ئەم یاسایایەن:

ا- یاسای دەزگای شەهیدان ژمارە (3)ی ساڵی (2006)ی هەموارکراو

ب- یاسای دەزگای زیندانە سیاسییەکان ژمارە (4) ی ساڵی (2006)

ج- یاسای قەرەبوکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتوە لە ئەنجامی کردارە جەنگی و هەڵە سەربازی و کردارە تیرۆریستییەکان ژمارە 20ی ساڵی  2009  .

  1. ئەو فەرمانبەرەی وەزیفەکەی بەجێهێشتوە یان دەستی لەکارکێشاوەتەوە یان خانەنشین کراوە و هیچ موچەیەکی خانەنشینی لە بری ئەو خزمەتە وەزیفیەی کردویەتی بۆ نەبڕاوەتەوە، دەتوانێ ئەم خزمەتە وەزیفییەی بخاتەسەر ئەو خزمەتەی دواتر لە کەرتی تایبەت کردویەتی بۆ مەبەستی خانەنشینی بە مەرجێک پارەی هەمو ساڵەکانی کارکردنی بۆ خانەنشینی لە کەرتی تایبەت دابێت کە 10% ی موچەی مانگانەکەی بوە (ماددەی 19 / سێهەم).
  2. بۆ ئەوەی مافی ئەوانە نەخورێت کە پێش دەرچونی ئەم یاسایە خانەنشین بون، ئەوا موچەی خانەنشینیان بە گوێرەی ئەم یاسایە دوبارە بۆ ئەژمار دەکرێتەوە ( ماددەی 3 ).
  3. بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بە زیاد بونی هەڵاوسانی ساڵانە موچەی خانەنشینی زیاد دەکرێت بەمەرجێک ئەو زیادکردنی موچەیە لە رێژەی هەڵاوسان زیاتر نەبێت (ماددەی 36 ).

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە