(سبەی):
ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناحیەی ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری خۆپیشاندانێکیان رێکخست و بۆ ماوەی نزیکەی دو سەعات رێگای سەرەکی ناحیەکەیان داخست.
ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناحیەی ئاغجەلەر بەهۆی خراپی رێگاوبان و نەبونی خزمەتگوزارییەوە خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و بۆ ماوەی دو سەعات رێگای سەرەکی ئاغجەلەر- کانی شەیتانیان داخست.
خۆپیشاندەران رایانگەیاند: رۆژانە ژمارەیەکی زۆر تانکەر و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە رێگای ئاغجەلەر- کانی شەیتاندا هاتوچۆ دەکەن و بونەتە هۆی دروست بونی روداوی هاتوچۆ و خراپ بونی ریگاکەو بێزارکردنی هاوڵاتیان.
خۆپیشاندەران داوایانکرد؛ رێگە لە هاتوچۆکردنی تانکەر و بارهەڵگرەکان بگیرێت و رێگا سەرەکییەکەیان بۆ چاک بکرێتەوە.
دوای ماویەک لە خۆپیشاندان و گرتنی رێگا سەرەکییەکە، هیچ بەرپرسێکی ناوچەکە نەچو بەدەم خۆپیشاندەرانەوە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان، خۆپیشاندەران کۆتاییان بەگردبونەوەکە هێنا و رێگاکەیان کردەوە.