قسەی ئێمە و وەڵامی عەبادی

کاوە محەمەد

رۆژی (۲٠۱۸/۲/۱)، ئێمەی نوێنەرانی کوردستان لەهۆڵی دەستوریی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ (د.حەیدەر عەبادی) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوینەوە و تایبەت بەپرسی پرۆژە یاسای بودجەی (۲٠۱۸)ی عێراق گفتوگۆمانکرد.

ئێمە تێبینییەکانی خۆمان، کە پێشتر وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەرەسمی پێشکەشی کردبو، جارێکی دیکە بە پوختی خستمانەوەڕو کە گرنگترینیان ئەمانەبون؛

۱/ تەرخانکردنی رێژەی (۱۷٪)ی بەشە بودجە بۆ هەرێم.

۲/ دابینکردنی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم.

۳/ کەمنەکردنەوە لەدەستوریبونی کیانی هەرێمی کوردستان.

٤/ سەرفکردنی موچەی پێشمەرگە.

٥/ سەرفکردنی پارەی جوتیارانی هەرێم.

٦/ تەرخانکردنی بڕێک پارە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

۷/ کەمکردنەوەی بودجەی سیادی، بۆئەوەی کاریگەری سلبی بۆ سەر بەشە بودجەی هەرێم و پارێزگاکان نەبێت.

لەگەڵ کۆمەڵێ داواکاری دیکە کە لەدەرەوەی پرسی بودجە بون، وەک؛

۱/ راگرتنی بڕیار و هەنگاوە نادەستوری و نایاساییەکان لەکەرکوک.

۲/ دابینکردنی ئەمنیەتی تەواو بۆ قەزای دوزخورماتو و دواتریش گەڕاندنەوەی ئاوارە کوردەکان و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و درانە دادگای سەرپێچیکاران.

وەڵامەکانی عەبادی بەشێوەیەکی گشتی لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەمەوە؛

۱/ ئەو رێژەیەی بۆ بەشەبودجەی هەرێم تەرخانکراوە، لەسەر بنەمای چڕی دانیشتوانە و (۱۷٪)ی پێشو هیچ بنەمایەکی دەستوری و یاسایی نیە.

۲/ کە لەیاسای بودجەدا دەستەواژەی (پارێزگاکانی هەرێم) هاتوە، کەمکردنەوە نیە لەدەستوریبونی کیانی هەرێم، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی سیستمی نامەرکەزی و دابەشکردنی عادیلانەی بودجەی هەرێمە بەسەر پارێزگاکانیدا.

۳/ بەشێک لەبودجەی هێزە وشکانییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخانکراوە و لێی کەم نەکراوەتەوە.

٤/ لاریمان نیە کە هەڵەبجە ببێتە پارێزگاو بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بۆ بەپارێزگاکردنی بدات.

٥/ ئێمە دەمانەوێت نەوتی کەرکوک لەرێگەی بۆری هەرێمەوە هەناردە بکەین و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی مەرکەزی و خەڵکی کەرکوک لێی سودمەندبن، بەڵام حکومەتی هەرێم دەیەوێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی بەکاربهێنێت، چونکە پێشوەخت پارەکەی وەرگرتوە و فرۆشتویەتی.

٦/ بەپێی روپێوی ئاسمانی و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوی ساڵانی رابردو، هەرێم لەنێوان (۳٥٠_٤٠٠)هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە، کەچی ساڵی (۲٠۱٥) بڕی (۹٠٠) هەزار تۆنی تەسلیمکردوە کە بۆمان دەرکەوتوە زیادەکە گەنمی دەرەوەی عێراقە و کۆمەڵێ بازرگان ویستویانە ساغی بکەنەوە. بۆیە کێشە کەوتۆتە بەردەم سەرفکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم، بەڵام ئێمە لەهەوڵداین کارێک بکەین کە جوتیاران زەرەرمەند نەبن.

۷/ ساڵانی رابردو هەوڵماندا کە موچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەرێم بخەینە سەر بودجەی سیادی و بەغدا دابینی بکات، بەڵام حکومەتی هەرێم قبوڵی نەدەکرد.

۸/ دو ساڵە گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم  هەیە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکان بخەینە سەر  بەغدا، دیسان حکومەتی هەرێم  رازی نەدەبو.

لە کۆتاییدا پێمان راگەیاند، کە دەنگدانی ئێمەی نوێنەرانی کوردستان بە پرۆژە یاسای بودجە، دەوەستێتە سەر رادەی رەچاوکردنی تێبینی و رەخنەکانمان، ئەگەر هەمواری پێویستی تێدا نەکرێت، ئامادەنین دەنگی بۆ بدەین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە