خانەوادەی حەمەئاوات شێخ سدیق: میدیای سێبەری پارتی خەریکی بوختان کردنن

(سبەى):

حه‌مه‌ ئاوات شێخ سدیق، تێكۆشه‌ری‌ دێرین و ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رۆژی‌ (11)ی ئه‌یلول به‌هۆی‌ نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ سلێمانی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد، لە ماوەی رابردودا سایتێکی سێبەری حیزبێکی دەسەڵات هەواڵی چەواشەکارو هەڵبەستراویان لەسەر هۆکاری مردنەکەی بڵاوکردەوە، هاوکات بنەماڵەی کۆچکردو ئەو هەواڵانە بەدرۆ دەخەنەوەو بە “بوختانى دەزگا سیخوڕیەکان”ى لە قەڵەم دەدەن.

لەوبارەیەوە چنوری شێخ سدیق خوشکی کۆچکردو لە لێدوانێکیدا بۆ (سبەی) رایگەیاند؛ ئەو درۆ و بوختانانەی کە هەندێک سایت و میدیاى “ناوزڕاو” سەبارەت بەکۆچی دوایی برای گەورە و ئازیزمان بڵاویان کردەوە لەماوەى رابردودا “سەرلەبەری قسەی هەڵبەستراوی هەندێ کەسی سەر بە سایتێکی سێبەری پارتی و دەزگای پاراستنن”.

دەشڵێت: “ئێمە وەک خانەوادە و مینای کچی کۆچکردو، نە لە وڵاتى سویدو نە لە کوردستان سکاڵامان تۆمار نەکردوە، نە ئاگاشمان لەو چیرۆکە هەڵبەستراوە هەیە کە باسی هەندێک تێکۆشەرو بەرپرس دەکات لە هەرێم، ئێمە نە باسمان کردون و نە ناویشمان هێناون”.

جەختیشی کردەوە؛ کاک حەمەئاوات بە نەخۆشی دڵ کۆچى دواییکردوە، پێشتریش چەندجارێک لە سوید و کوردستان بۆ ئەو مەبەستە چارەسەری بۆ کراوە، بەڵام دواجار هەر بەوهۆیەوە ماڵئاوایی لەم ژیانە پر لەنەهامەتی و غەدر و نابەرابەرییەکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، سکاڵاو بەدواداچونی خانەوادەکەیان لەسەر شێوازی بردنە دەرەوەی ئەو وێنەیەی کۆچکردو دەبێت و دەڵێت: “بۆ ئێمە دیار و ئاشکرایە ئەوانە كێن و سەر بەکام دەزگاو بەڕێوەبەرایەتین کە وێنەکەیان گرتوە و خیانەتیان لە پیشەی خۆیان و خانەوادەی ئێمەش کردوە لە ناردنە دەرەوەی وێنەکە، بۆیە بێدەنگ نابین و بەردەوام دەبین تاکو تۆمەتباران سزای خۆیان وەردەگرن”.

حەمە ئاوات شێخ سدیق، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 11-9-2017 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، هاوکات بزوتنەوەی گۆڕان پرسەنامەیەکی بەوبۆنەیەوە بڵاوکردەوە رایگەیاندبو؛ “كاك حه‌مه‌ ئاوات له‌مێژوی‌ رزگاریخوازی‌ گه‌له‌كه‌ماندا یه‌كێك بو‌ له‌ كادیرو پێشمه‌رگه‌ دڵسۆزه‌كان و به‌بێ‌ ماندو بون و دابڕان له‌م خه‌باته‌دا له‌به‌ره‌ی‌ خه‌ڵك و مافه‌ ره‌واكانیدا بوه‌”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە