هەوڵی دزەکردنی چەک لە ئەمەریکاوە بۆ هەولێر ئاشکرا دەکرێت

(سبەی):

سایتێکی ئەمەریکی دزەپێکردنی ژمارەیەک چەک لە ئەمەریکاوە بۆ هەولێر ئاشکرا دەکات، کە لەلایەن دو هاوڵاتی ئەمەریکی و عێراقییەوە ئەنجامدراوە.

سایتی نیوزویکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، بەشێوەیەکی نهێنی هەوڵدراوە (47) پارچە چەکی جۆراوجۆری سوک لەئەمەریکاوە بگەیەندرێتە هەولێر، بەڵام لەکاتی گەیشتنی بە تورکیا و پێش گەیشتنی بەدەستی کڕیارەکانی ئاشکرا بوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، چەکەکان لە دەرگای ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی جۆری (فۆرد مۆستانگ) و (کرایسلەر200) شاردراوەنەتەوە و پێچەوانەی یاساکانی ئەمەریکا هەوڵدراوە لەڕێگەی بارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە بۆ سەر کەشتی بگەیەندرێتە تورکیا و لەوێوە بگەیەندرێتە ناونیشانێکی دیاریکراو بۆ بەرپرسێکی سەربازیی لە هەولێر.

نیوزویک بڵاوی کردەوە، لەکاتی گەیشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە تورکیا و پێش گەیشتنی بەدەستی کڕیارەکەی لە هەولێر، لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە ئاشکرا کراون و بەرپرسانی ئەمەریکای لێ ئاگادارکراوەتەوە.

روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو، دو کەس بەناوەکانی پۆڵ ستیوارت برۆنت تەمەن (51) ساڵ دانیشتوی واشنتۆن، بەرامبەر بڕی (15) هەزار دۆلار، چەکەکانی لە دەرگای ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا شاردوەتەوە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی رەوەند خەلیل دەلاوی تەمەن (29) ساڵ.

لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، هەریەک لە برۆنت و رەوەند تۆمەتی شکاندنی یاسای هەناردەکردنی چەکیان لەئەمەریکا روبەڕوکراوەتەوە و دواتر دادگای فیدراڵی ئەو وڵاتە سزای پێنج ساڵ زیندانی کردن و سزای پێبژاردنی (250) هەزار دۆلاری بەسەردا سەپاندون.

نیوزویک بڵاوی کردەوە؛ برۆنت لەبەردەم دادگادا دانی بەوەداناوە کە جاری یەکەم (30) چەکی لەناو دەرگای ئۆتۆمبێلدا شاردوەتەوە و رەوەندیش لەگەڵ کەسی سێیەم کاری بارکردنی ئۆتۆمبێلەکانی بۆ سەر کەشتی ئەنجامداوە، بەبێئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات.

هاوڵاتییە عێراقییەکە، لەبەردەم دادگادا دانی بەوەداناوە کە بۆ ئەوکارەی رێگەپێدان و رەزامەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمی وەرگرتوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە