هەرێم؛ توشبوانی شێرپەنجە لەخوار ستاندەردی پێشبینی کراوی ساڵانەیە

(سبەی):

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ ساڵی رابردو (4808) حاڵەتی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراوە و دەشڵێت: رێژەی توشبوان لە هەرێم لەخوار ستاندەردی پێشبینی کراوی ساڵانەیە بۆ نەخۆشیەکە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان (92) کەس لە هەر (100) هەزار هاوڵاتییەک توشی نەخۆشی شێرپەنجە بون کە کۆی گشتی توشبوانی نەخۆشییەکە لەوساڵەدا دەکاتە (4808) کەس.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە هەرێمی کوردستان رێژەی نەخۆشیەکە تاوەکو ئێستا لە خوار ستاندەردی پێشبینی کراوی ساڵانەیە بۆ نەخۆشیەکە بەجۆرێک لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجەیان بەرزە ساڵانە زیاتر لە (300) کەس توشی شێرپەنجە دەبن لە هەر (100) هەزار هاوڵاتی لەو وڵاتانە، لە کاتێکدا لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجە نزمە ساڵانە کەمتر لە (100) کەس توشی شێرپەنجە دەبن .

چواری شوباتی هەمو ساڵێک بە رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە دادەنرێت و ئەو نەخۆشیەی وەک بکوژی سەرەکی مرۆڤ دەناسرێت و ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس دەکوژێت و زیاتر لە (14) ملیۆنیش دوچاری نەخۆشیەکە دەکات لە جیهان .

هەروەها لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبونی شێرپەنجە لە جیهاندا پەیوەستە بەشێوازی ژیانی ناتەندروست، وەک جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولیەکان و قەڵەوی و کەمجوڵەیی و وەرزشنەکردن لەگەڵ خواردنی خواردنە لە قوتوکراو و ئامادەکان و خێراکان، لەگەڵ کەم خواردنی سەوزەو میوە، ئەوە جگە لە زیادبوی گەشەی دانیشتوان و زیادبونی تێکڕای تەمەن لەگەڵ پیسبونی ژینگە هۆکاری گرنگی ترن بۆ شێرپەجە .

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە