وەفدی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە عەفرین

(سبەی):

لەناو پێشوازییەکی گەرمی ئیدارە و هاوڵاتیانی کانتۆنی عەفرین، وەفدی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە شاری عەفرین.

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە، وەفدی پەرلەمانی کوردستان لەدەروازەی سیمێلکاوە گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان و لەساتی گەیشتنیان بۆ شاری عەفرین لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین و هاوڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گۆڕەپانی شەهیدانی شارەکە، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.

لە مەراسیمی پێشوازی کردنیاندا، هێڤی مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کانتۆنی عەفرین رایگەیاند: سەردانی وەفدی پەرلەمانی باشوری کوردستان نیشانەی یەکڕیزیی و یەکچارەنوسی گەلی کوردەوە و پشتیوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پایەیەکی دیکەی بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و بەرخۆدانیەتی بەڕوی دوژمناندا.

هاوکات، عەلی هالۆ بەناوی وەفدی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند: شانازیی بەبەرخۆدانی عەفرینەوە دەکەن و سەردانەکەشیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین و رۆژئاوای کوردستانە، دژی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان.

وەفدی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتوە لە د.شێرکۆ حەئەمین لەفراکسیۆنی گۆڕان و عەباس فەتاح، لە فراکسیۆنی یەکێتی و سوهراب میکائیل لە فراکسیۆنی یەکگرتو و ئەبو کاروان، لە فراکسیۆنی ئازادی و عەلی هالۆ لە فراکسیۆنی پارتی.

هەرچەندە بڕیار بو سالار مەحمود، پەرلەمانی فراکسیۆنی یەکێتیش ئەندامی وەفدەکەبێت، بەڵام ئێوارەی رابردو لەلایەن بەرپرسانی دەروازەی سیمێلکاوە و بەفەرمانی بەرپرسانی پارتی رێگریی لێکرا بچێتە رۆژئاوای کوردستان.

سەردانی ئەو وەفدە پەرلەمانییە بۆ گەیاندنی پاڵپشتی پەرلەمان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرخۆدانی عەفرین کە ماوەی (23) رۆژە سوپای تورکیا و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بەو وڵاتە پەلاماری دەدەن و لە ئاسمان و زەوییەوە تۆپبارانی کانتۆنەکە دەدەن، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە پێشڕەوییەکی ئەوەتۆ بکەن و سەنگەری بەرگریی شەڕڤانان بشکێنن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە