جبوری: لەبودجەدا داواکارییەکانی پەرلەمان لەبەرچاو نەگیراوە

(سبەی):

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: سەرەڕای دواکەوتنی بۆ ماوەی (49) رۆژ، پرۆژە یاسای بودجە داواکاریی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانی تێدا رەچاو نەکراوە.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە ئەمڕۆ دوشەممە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێکیخستبو، سەلیم جبوری رایگەیاند: پرۆژە یاسای بودجە رێکارە یاسایی و دەستورییەکانی تێدا رەچاو نەکراوە و بۆ ماوەی (49) رۆژ لەوادەی یاسایی و دیاری کراوی خۆی دواکەوتوە.

رایگەیاند: هەمواری بودجە کە هەفتەی رابردو دوبارە نێردراوەتەوە بۆ پەرلەمان، هیچ یەکێک لە داواکاریی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکان و پەرلەمانی تێدانییە.

بەوتەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای دوبارە ناردنەوەی بودجە بۆ حکومەت، هەموار کراوەتەوە بەبێئەوەی داواکاریی پارێزگا زەرەمەندەکان و هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی تێدا رەچاوبکرێت، جگەلە چەند هەموارێک کەلەسەر داوای سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و تایبەت بە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

سەلیم جبوری، ئاشکرای کرد لە پرۆژە نوێیەکەی بوجەدا دو ترلیۆن دیناری دیکە بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران زیادکراوە، بۆ حاڵەتی کورتهێنان یان پڕکردنەوەی کەمهێنانی موچە و بودجەی پاراستنی کۆمەڵایەتی و پرۆژەکانی وەبەرهێنان کە ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر گفتوگۆکان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و تێپەڕاندنی لە پەرلەمان.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە