دوای یەک رۆژ لە هەڵبژاردنی … سکاڵا لەسەر بوڵدان تۆمار دەکرێت

بوڵدان و ئۆنەر لە کۆنگرەی هەدەپە

(سبەی):

دوای یەک رۆژ لە هەڵبژاردنی وەک هاوسەرۆکی هەدەپە، داواکاری گشتی تورکیا سکاڵا لەسەر پەروین بوڵدان و پەرلەمانتار سڕی سورەییا ئۆندەر تۆمار دەکات، لەسەر وتەکانی دژی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین.

میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویان کردەوە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی تورکیا لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی  پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و سڕی سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی هەدەپە دەست پێکردوە، لەبارەی لێدوانەکانیان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین، لە کۆنگرەی سێیەمی هەدەپەدا.

داواکاری گشتی تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی ئەو دو کەسایەتییەی هەدەپە کردوە، کە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیایان لەژێر ناوی (چڵە زەیتون) بە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیان مەدەنی عەفرین ناوبردوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا دەربڕیوە کە (23) رۆژ دژی کانتۆنی عەفرین ئەنجامی دەدات و تۆمەتی ئەوەش خراوەتە پاڵ بوڵدان و ئۆندەر کە هانی خەڵکیان داوە بۆ “رق و کینە و دوبەرەکی” و “ستایش کردنی تاوان و تاوانباران”.

بەشێکی دیکەی دۆسیەکەی داواکاری گشتی، لێکۆڵینەوەیە لەسەر بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجلان، سەرۆکی زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەکەدا، ئەوەشی بە بانگەشە کردن بۆ “تیرۆر” و “رێکخراوی تیرۆریستی” ناوبردوە.

دوێنێ یەکشەممە، سێیەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)  بەبەشداریی نزیکەی (30) هەزار کەس لە هۆڵی وەرزشی ئەنقەرە بەڕێوەچو و تیایدا هەریەک  لە پەروین بوڵدان و سیزای تەمەللی بە هاوسەرۆکانی نوێی هەدەپە هەڵبژێردران.

هەدەپە لە ساڵى (2012) لە ئەنکەرە دامەزرا، لە کۆتا هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیادا لە ساڵی (2015) توانى رێژەى (10%)ی تێپەڕێنێت و (80) کورسى پەرلەمانى هەیە و لەماوەى رابردودا پەرلەمانتارانى روبەڕوى ئاستەنگ و رێگرى و دەستگیرکردن بونەتەوە، بەڵام پێداگرە لە داواکارییەکانى و چەسپاندنى دیموکراتى لەو وڵاتە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە