“لیستى کاندیدانى بزوتنەوەى گۆڕان یەکێکە لە باشترین لیستەکان”

زمناکۆ جەلال

(سبەی):

رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لیستى کاندیدانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق یەکێکە لەو لیستانەى باشترین و شیاوترین کاندیدانى بە پسپۆڕى جیاواز و شارەزایى و ئەزمونى کارکردن تێدایە.

دواى ئەوەى ئەمرۆ پێنجشەممە بزوتنەوەى گۆڕان لیستى کاندیدانى بۆ هەڵبژاردنى داهاتوى پەرلەمانى عێراق پێشکەشى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد، زمناکۆ جەلال رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان بە (سبەى) راگەیاند؛ ئەمڕۆ بزوتنەوەى گۆڕان لە وادەى خۆیدا لیستى ناوى کاندیدەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشکەش کرد.

ئاماژەى بەوەشکرد کە بۆ دیاریکردنى کاندیدەکانى لیستەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک و کاندیدانى هاوپەیمانێتى نیشتیمان لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان رەچاوى کۆەمڵێک بنەما کراوە.

وتیشى: “لیستى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکان یەکێکە لەو لیستانەى باشترین و شیاوترین کاندیدى بە پسپۆڕى جیاواز و شارەزایى و ئەزمونى کارکردن و کۆمەڵگەى مەدەنى تێدایە کە کاندیداکان کەسایەتى بەهێزى ناو کۆمەڵگان”.

پێشتر (سبەى) بڵاویکردەوە کە لیستى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ سلێمانى لە (22) کاندید پێکهاتوە و د. یوسف محەمەد سەرۆکایەتى دەکات، لیستى هەولێرى بزوتنەوەى گۆڕان لە (13) کاندید پێکهاتوە و کاوە محەمەد سەرۆکایەتى دەکات، هەروەک بۆ پارێزگاى دهۆک چوار کاندید لە لیستەکەن کە هەندرێن ئامێدى سەرۆکایەتى دەکات.

هەروەک د. محەمەد شوانى لە بزوتنەوەى گۆڕان سەرۆکایەتى لیستى کەرکوکى هاوپەیمانێتى (نیشتیمان)ى بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دادپەروەرى و دیموکراسى دەکات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە