یەپەگە: دژی ئەو هێرشانە دەوەستینەوە کە تورکیا و داعش ئەنجامی دەدەن

(سبەی):

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل رایدەگەیەنێت؛ داوایان لە سوپای سوریا کردوە بێنە عەفرین بۆ پارێزگاریکردن لە داگیرکاری تورکیا بۆسەر ئەو شارە، دەشڵێت: بەشێک لە هێرشەکانی سەر عەفرین لەلایەن بەرەی نوسرە و داعش، ئەنجامدراون.

نوری مەحمود، وتەبێژ بەناوی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە ئاژانسی سپوتنیکی روسی راگەیاند؛ ئەوان داوا لە سوپای سوریا دەکەن پارێزگاری لە سنورەکانی بکات لە داگیرکاری تورکیا، بەڵام تاوەکو ئێستا سوپای سوریا نەهاتوەتە عەفرین بۆ ئەو مەبەستە.

وتیشی: ئەوەی تورکیا دەیەوێت دابڕاندنی بەشێکی خاکی سوریایە و دەیەوێت بیخاتە سەر خاکی وڵایەکەیی و داگیری بکات، بۆیە پێشنەی کارەکانمان پاراستنی خاکەکەمانە.

وتەبێژی یەپەگە جەختی لەوەشکردەوە، ئێمە کار دەکەین بۆ دروستکردنی سیستمێکی دیموکراسی بە ئامانجی دروستکردنی سیستمێکی فیدراڵی، چونکە لە باکوری سوریا سیستمی فیدراڵییان دامەزراندوە، بەڵام لە داهاتو دەبێت گفتوگۆ بکرێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بۆ نوسینەوەی دەستورێکی دیموکراسی کە هەمو سوریا و پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.

باسی لەوەشکرد، بەشێک لە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین، لەلایەن چەکدارانی بەرەی نوسرە و داعشەوە ئەنجامدراون و جگە لەوەش یەپەگە کاردەکات بۆ سەقامگیری سوریا لەدوای داعش، بەڵام ئەو هێرشانەی تورکیا ئامانجی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەیە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە