ئارام شێخ محەمەد: سەقامگیری بۆ خورماتو گەڕاوەتەوە

(سبەی):

ئارام شێخ محەمەد، لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و چین و توێژە جیاوازەکانی قەزای دوزخورماتو کۆدەبێتەوە و رایدەگەیەنێت: هەوڵەکانمان ئەنجامی باشی هەبوە و سەقامگیری بۆ قەزاکە گەڕاوەتەوە، هەنگاوەکانی ئێستامان بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکان و قەرەبوکردنەوەیان و چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوە ژیانە.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاوەری ئەحمەد عەبدوڵا جبوری پارێزگاری سەڵاحەدین سەردانی قەزای دوزخورماتوی کرد.

لەدەستپێکی سەردانەکەیدا لەبارەگای قائیمقامیەتی قەزاکە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی و ژمارەیەک لەکەسایەتیەکانی قەزاکە کۆبوە و تیایدا رۆشنایی خستەسەر دواین هەوڵەکانی بۆ ئاسایی کردنەوە و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ناهەموارەی بەرۆکی خەڵکی قەزاکەی گرت لە دوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر، لەو روەوە و سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و پارێزگاری سەڵاحەدین و فەرماندەیی سوپا لەو پارێزگایە و هێزی کاردانەوەی خێرای کرد کە رۆڵێکی ئیجابیان گێڕا لەکۆتایهێنان بەتوندوتیژی و ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە (40%)ی هاوڵاتیانی کورد بۆ زێدی خۆیان.

لەبارەی پرسی قەرەبوکردنەوەی ئاوارەکانەوە، ئارام شێخ محەمەد وتی :”لەچوارچێوەی ئەو داوایانەی لە پرۆژە یاسای بودجەدا پێشکەشکراوە لەگەڵ پارێزگاری سەڵاحەدین هەمو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە قەزای خورماتو وەک ناوچە زیانلێکەوتوەکانی دیکە قەرەبوی هاوڵاتیان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ دابین بکرێت”.

هەر لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا، ئارام شێخ محەمەد لە دو دیداری جیادا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی قەزای دوزخورماتو کۆبوە و لەنزیکەوە گوێی لە داواکاری و پێداویستیەکانیان گرت و رایگەیاند: لە ساتەوەختی روداوەکانەوە بە بەردەوامی لەگەڵ کەسایەتی و رێکخراوە خۆڕسکەکانی قەزاکەیان لەلایەک و بەپرسانی حکومەتی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدابوە.

وتیشی :”ئەوسا بەڵێنم پێدان بەتەنیا جێتان ناهێڵم ئێستاش پێتان دەڵێم کۆتا مانگەکانی کاری نوێنەرایەتیکردم بۆ بەرگریکردن لەئێوە تەرخاندەکەم”.

لەبەرامبەر  خواستی ئامادەبوان کە داوایان کرد ئەو هێزەی ئەرکی پاراستنی قەزاکەی لەئەستۆیە لە ناو گەڕەکەکان دوربخرێتەوە بەو مەرجەی نەكشێنەوە لەقەزاکەو بەردەوامبن لەئەرکەکەیان، ئارام شێخ محەمەد بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکەی پێدان، بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایان و خوێندکارانیش رایگەیاند: داواکارییەکانیان گەێندراوەتە وەزیری پەروەردە و هیوایان زۆرە بەمنزیکانە چارەسەر بکرێت.

دواتر ئارام شێخ محەمەد بەیاوەری پارێزگاری سەڵاحەدین سەردانی ناو بازاڕی دوزخورماتوی کردو لەنزیکەوە گوێبیستی گلەیی و نیگەرانی کۆمەڵێک کاسبکار بو کە لە روداوەکانی قەزاکەدا زیانی زۆریان پێگەیشتەوە و دوکانەکانیان سوتێنراو و لەوبارەیەوە رایگەیاند: هەمو ئەو دەستدرێژیانە بەدۆکۆمێنێت کراوەو کاری لەسەر دەکرێت، بەهۆی ناکۆکییەکانی پەرلەمانیش لەبارەی بودجە تائێستا ئەو لیژنەیەی بڕیارە بەدواداچون بۆ پێشێلکارییەکانی دوزخورماتو بکات متمانەی پێنەدراوە تا دەستبەکاربێت.

لەبەرامبەردا؛ مامۆستا هاوار مامۆستای ئاینی و کەسایەتی قەزای دوزخورماتو بەناوی خەڵکی قەزاکەوە ستایشی هەوڵەکانی ئارام شێخ محەمەدی کرد و رایگەیاند: رۆڵێکی دیارو بەرچاوی هەبوە لە بەقەرارکردنی ئەو سەقامگیرییەی ئێستا لەقەزاکەیان هاتۆتەئاراوەو پشتیوانێکی هەمیشەییانە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە