وردەکاریی روداوەکـەی حەویـجە؛  (27) چەکداری حەشد لە بۆسەیەکدا کوژران

(سبەی):

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: سەرۆک وەزیرانی عێراقی داوای کردوە بەپەلە لێکۆڵینەوە لە روداوەکەی ناوچەی سەعدونییەی حەویجە بکرێت کە بەهۆیەوە (27) چەکداریان کوژراون.

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای کردوە؛ لێکۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجام بدرێت سەبارەت بەو روداوە تاوانکارییەی لەناوچەی سەعدونییەی سەر بەقەزای حەویجە دژی چەکدارانی حەشدی شەعبی ئەنجامدراوە  بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری ئەو گروپە کوژراون.

ئەمڕۆ دوشەممە، راگەیاندنی حەشدی شەعبی ئاشکرای کرد، لەناوچەی سەعدونییەی سەر بە حەویجە ژمارەیەک چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە هێرشیان کردوەتە سەر بنکەیەکی حەشدی شەعبی و دوای شەڕێکی دو سەعاتی (27) چەکدارییان کوژراون، کە ماوەی چەند رۆژێکە چونەتە ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت دژی شانە نوستو و چەکدارەکانی داعش لە نزیک قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکوک.

بەپێی راگەیاندراوەکە؛ دوای ئەوە ئەو هێزەی حەشد کەوتونەتە بۆسەیەکی ئەو چەکدارانەوە کە گومان دەکرێت سەر بە داعش بن، شەڕو روبەڕوبونەوە رویداوە و هێزێکی دیکەش لەناوچە چوە بەهانای هێزە گەمارۆدراوەکەوە، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا و زۆریی ژمارەی هێرشکارەکانەوە ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی حەشدی شەعبی کوژراون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە