لەهەولێر؛ پێکدادان لەنێوان پۆلیس و دو تۆمەتباردا رودەدات

(سبەی):

لەکاتی هەواڵدان بۆ دەستگیرکردنی دو تۆمەتباری دزیکردن، شەڕو روبەڕوبونەوە لەنێوان پۆلیس و تۆمەتبارەکاندا رودەدات، دوای روبەڕوبونەوەیەکی توند تۆمەتبارەکان دەستگیر دەکرێن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کردوە؛ دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادار کرانەوە لە روداوێکی دزی کردن لە گەڕەکی کوردستان، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ روداوەکە کردەوە و توانی لە ماوەیەکی کەم تۆمەتبار دەستگیربکات.

رائید ئومێد عارەب عەبدوڵا ئەفسەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی باکوری سەر بە پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: دوای ئاگادارکردنەوەیان لە روداویدوزی کردنەکان دەستبەجێ مەفرەزەکانیان گەیشتنە شوێنی روداو، دو تۆمەتبارەکە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەی دزییەکە دوای روبەڕوبونەوەیەکی زۆر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.

تۆمەتبارەکان پێکهاتبون لە (م.م.ح)، تەمەن (17) ساڵ، (ز.خ.م)، تەمەن (22) ساڵ، دوای دەستگیرکردنیان دانیان ناوە بەتاوانەکەیان کەوا دو ماتۆڕسکیلیان دزیوە و ژمارەیەک دوکانیان بڕیوە و کارتی مۆبایل و پارە و کەلوپەلی ناو دوکانەکانیان بردوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە پۆلیسی هەولێر؛ پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراون و هەردو تۆمەتبار بەپێی ماددە (44) لە یاسای سزادانی عێراقی بەندکراون.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردەوە، لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی رۆژهەڵاتەوە سێ تۆمەتباری دزیکردن دەستگیرکراون.

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان تەمەنی (29) ساڵە و تۆمەتبارە بە دزینی چەندین ماتۆڕسکیل لە شەقامی (100) مەتری و نزیک نەخۆشخانەی رزگاری و دوەمیان تەمەنی (30) ساڵە و تۆمەتبارە بە دزینی چەندین تابلۆ و تایەی ئۆتۆمبێل لە شەقامی (100) مەتری و دەستگیرکراوی سێیەم تەمەنی (24) ساڵە و تۆمەتبارە بە شکاندنی چەندین دوکان و دزینی بڕێکی زۆر پارە و کارتی مۆبایل لە شەقامی (100) مەتری.

بەپێی راگەیەندراوەکەوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان رێکخراوە و بۆ بەبڕیاری دادوەر بەندکراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لەسەریان.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە