کاوە محەمەد: کۆکردنەوەی نیسابی یاسایی بۆ پرۆژە یاسای بودجە ئەگەرێکی لاوازە

(سبەی):

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدوری دەزانێت لەم هەفتەیەدا نیسابی یاسایی بۆ پرۆژە یاسای بودجە کۆبکرێتەوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی و دەشڵێت: تائێستا داواکارییەکانی کورد کە بودجەدا جێی نەکراوەتەوە.

کاوە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سبەی) راگەیاند؛ تائێستا داواکارییەکانی کورد و بەشێکی سوننەش لە بودجەدا جێگەی نەکراوەتەوە هەربۆیە زەحمەتە بتوانرێت بەو کەموکورتییانەوە نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی رۆژی سێشەممەی داهاتو کۆبکرێتەوە بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بودجەیەی ئامادەکراوە تەوافوقی سیاسی لەسەر نیە و ویستی لایەنەکان و گەلی عێراق نیە، بەڵکو تەنها ویستی حکومەتی عێراق.

باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی بەشێکی پەرلەمانتارەکان ئامادەی دانیشتەکان نابن و بەشێکی دیکەشیان دوبارە کاندیدی هەڵبژاردنەکانن، سەرقاڵی ئامادەکاری دەبن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو، بۆیە ئەگەری کۆکردنەوەی نیسابی یاسایی لاوازە.

لەلایەکی دیکەشەوە عەلی بەدری، ئەندامی حیزبی دەعوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونیکردەوە، کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە هەفتەی داهاتو بودجە پەسەند بکرێت، چونکە ناکۆکییەکان لەسەری بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی سێشەممە دواین مۆڵەتە بۆ ئەگەری پەسەندکردنی بودجە، چونکە دوای ئەو وادەیە کۆتایی دێت بە خولی یاسادانانی ئەم وەرزە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە