ئەمەریکا هۆشداری توند دەداتە عێراق

(سبەی):

ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا هۆشداری توند دەداتە عێراق لە کڕینی سیستەمی موشەکی لە روسیاو هەڕەشەی سزادانی دەکات لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگار بونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا (CAATSA).

هێزەر ناویرت، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیداو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی (S-400)ی روسی لەلایەن عێراقەوە، رایگەیاند؛ ئەمەریکا لەگەڵ زۆر وڵات قسەی کردوە لەناویاندا عێراق، سەبارەت بەو یاسایەی ئەمەریکاو دەرهاویشتەکانی گرێبەست کردنی لەو شێوەیە لەگەڵ روسیا.

هەروەک ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا نازانن گرێبەستەکە لەنێوان عێراق و روسیا کراوە یاخود نا سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی (S-400).

پێشتر واشنتۆن چەند جارێک دوپاتی کردوەتەوە، کە لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لەڕێگەی سزای (CAATSA) مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەکات کە گرێبەستی لەو شێوەیە لەگەڵ روسیا دەکەن.

هەفتەی رابردو چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەکردبو، کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەفدێکی حکومی راسپاردوە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی (S-400) لە روسیا.

چین یەکەم کڕیاری کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بو لە روسیا، ئەوەش بەپێی رێککەوتنێک کە لە ساڵی (2014)دا کرا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە