(سبەی):
وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی ئاشكرای ده‌كات نرخی هه‌ر سه‌عاتێك ئه‌مپێری كاره‌بای موەلیدەی ئه‌هلی له مانگی شوبات (40) چل دینار ده‌بێت و خشته‌ی پێدانی كاره‌بای موەلیدە ئه‌هلییه‌كان له سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەم مانگە دیاریكراوە.
سیروان محه‌مه‌د، ووته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی نرخ بۆ مانگی شوبات و دانانی به‌رنامه‌ی كاركردنی موەلیدە ئه‌هلیه‌كان بۆ مانگی ئازار لیژنه‌ی باڵای موەلیدە ئه‌هلیه‌كان كۆبوه‌وه، به‌پێی خشته‌ی به‌رنامه‌ی كارپێكردنی موەلیدە ئه‌هلیه‌كان بۆ مانگی ئازار، به‌یانیان له سەعات (7) بۆ (8:30) و دوانیوەڕوان سەعات (2:30) بۆ (1)ی شه‌و کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین ده‌كرێت.
وته‌بێژی كاره‌بای سلێمانی رایگەیاند: كاره‌بای به‌یانیان له رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه ده‌گوازرێته‌وه بۆ دوانیوه‌ڕوان و ئەو دو رۆژە لە سەعات یەکی نیوه‌ڕۆوه كار به موەلیدەكان ده‌كرێت و كاره‌با بۆ هاوڵاتیان دابین ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی موەلیدەی گونده‌كانی سنوری سلێمانی، رۆژانه له ( 7 ) به‌یانی بۆ (12)ی نیوه‌رۆ كارده‌كه‌ن.
ده‌رباره‌ی نرخی كاره‌بای موەلیدە بۆ مانگی رابردو، سیروان محەمەد، رایگەیاند: نرخی سەعاتێک ئه‌مپێری موەلیدەی ئه‌هلی به (40) چل دیناره كه سه‌عاتی كارپێكردنی موەلیدەكان له گه‌ڕه‌كه‌كاندا جیاوازه، به‌گشتی له‌نێوان (230–260) سەعاته، ئه‌گه‌ر موەلیدەیه‌ك (250) سەعات كاری كردبێت ئه‌وا بڕی (10) هه‌زار دینار ده‌بێت بۆ ئه‌مپێرێك، بۆیه نرخی ئه‌مپێڕێك له گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ره‌كێكی دیکە جیاوازه.