خوێناویترین رۆژی تورکیا لە عەفرین

شەرڤانێکی یەپەگە لە عەفرین

(سبەی):

روانگەی سوری ئاشکرای کرد؛ سوپای تورکیا رۆژێکی خوێناوی لە عەفرین بەرێکردوە و تەنها ئەمڕۆ زیاتر لە (15) سەربازی کوژراوە.

روانگەی سوری بۆ مافەمانی مرۆڤ، بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ هەینی رۆژێکی خوێناوی بو بۆ سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سوپای ئازادی سەر بەو وڵاتە و لە شەڕو پێکدادانەکاندا زیاتر لە (15) سەربازی تورکیا لەنزیک ناحیەی راجۆی عەفرین کوژراون.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ سەرجەم کوژراوەکانی بەهۆی دژە هێرشەکانی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە بوە، کە کردویانەتە سەر هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتون.

روانگەی سوری ئاشکرای کردوە؛ سەرەڕای ئەو ژمارە کوژراوە، ژمارەیەکی زیاتری سەربازی تورکیا برینداربون و ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشاوە و هێرشی پێچەوانەی شەڕڤانانی کورد بۆ سەر کۆمەڵگە و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای عەفرین بەردەوامە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا کوژرانی هەشت سەرباز و برینداربونی (13)ی دیکەی لە عەفرین راگەیاند.

لە رۆژی (20)ی مانگی کانونی دوەمەوە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چڵەزەیتون بۆ پەلاماردانی کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە پشتیوانی میلیشیاکانی سوپای ئازاد راگەیاندوە و لەماوەی (41) رۆژی رابردودا زیانێکی زۆری بەرکەوتەوە و دەیان دەبابە و تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکاوە و زیانێکی گیانی زۆریشی بەرکەوتوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە