گۆڕان؛ داوای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاو تایبەتەکان دەکات

کۆنگرەی رۆژنامەوانی فراکسیۆنی گۆڕان لە سلێمانی 3/3/2018

(سبەی):

فراکسیۆنی گۆڕان، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات یاسای موچە و خانەنشینی پەسەند نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو دانیشتنەکانی پەرلەمان.

فراکسیۆن گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە سلێمانی رێکیخستبو، بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کە پڕۆژە یاسای چاكسازیی لە خانەنشینی و موچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان پەسەند نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلە باڵاکان هەڵبوەشێنرێتەوە و یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق جێبەجێبکرێت، بە پێچەوانە رێکاری یاسایی و دەستوری دەگرنەبەر.

برزۆ مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند: ئەمڕۆ بەفەرمی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین، یاساکە بگەڕێنێتەوە و چاوەڕێی وەڵام و هەڵوێستی جدی ئەوان دەکەین، وەڵامی ئەوان کارو هەڵوێستی داهاتومان دیاری دەکات.

وتیشی :”جەخت دەکەینەوە کە پێویستە یاسای خانەنشنینی یەکگرتو جیبەجێ بکرێت کە موچەی پلە باڵاکان کەمدەکاتەوە و موچەی پلەنزمەکان بەرزدەکاتەوە، لەئێستاشدا ئاسانترین بڕیار ئەوەیە یاساکە رەتبکەینەوە، دەمانەوت دادپەروەریی جێبەجێ بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ بەپێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە یاساکە دەرنەچێت و بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، رایگەیاند: ئەگەر یاساکە نەگەڕێتەوە ئەوا وەک فراکسیۆنی گۆڕان، پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان ئاراستەی پەرلەمان دەکەن.

دەقی یاداشتەکە:

بەڕێز/ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

بابەت/ داواکاریی

ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان، کە لە دانیشتنەکانی پەرلەمانیشدا تایبەت بە یاسای “چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازانەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق”، دژی بڕگەی (2)ی مادەی (3)ی تایبەت بە خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان بوین.

بەپێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ژمارە (2)ی ساڵی (2017) دەسەڵاتی واژۆکردنی یاساکان لای بەڕێزتانە، بۆیە داوا دەکەین پرۆژە یاساکە بگێڕنەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان و بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پەرلەمانتار و پلە باڵاکان هەڵبوەشێتەوە و یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی (2014) بۆ گشت خانەنشینان بەرکار بکرێت، بەپێچەوانەوە ئێمە رێکاریی یاسایی و دەستوریی دەگرینەبەر.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان

3/3/2018

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە