داوای دیداری بەپەلەی هەولێر و بەغدا دەکرێت

(سبەی):

سەرۆک کۆماری عێراق، داوای دیداری بەپەلە و بەردەوامی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەرئاستی زۆر باڵا دەکات، بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە و ناکۆکییەکان بەجۆرێک ببێتە هۆس سەقامگیریی و بەرەوپێشچونی پرۆسەی سیاسی.

لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ یان کۆبیچ نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کە ئەمڕۆ دوشەممە بەڕێوەچو، فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق بەپێویستیزانی هەوڵەکانی چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، خستنە گەڕی هەر هەوڵێکیشی بە گرنگ زانی بۆ لێک نزیکخستنەوەی روانینێکی تەوافوقیی لە نێوان هەردولادا بۆ دورکەوتنەوە لە ئاڵۆز بون و گرژبونی زیاتری پەیوەندیی پڕ قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە ئەنجامی پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی (2018) هاتۆتە ئاراوە .

فوئاد مەعسوم داوای کرد؛ دیداری بەپەلە و بەردەوامی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەرئاستی زۆر باڵا ئەنجامبدرێت بە پشتبەستن بە دیالۆگی بنیاتنەر و پابەندیی تەواو بە دەستور بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە و ناکۆکییە هەنوکەییەکان.

هەروەک گفتوگۆ کرا لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان لە یارمەتیدانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە جۆرێک کە ئەوپەڕی پاک بێگەردیی و راستگۆیی لە خۆ بگرێت و بەزوترین کات ئەنجامەکانی رابگەیەنرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە