هیچ ئەنجامێکى نابێت .. بۆچى پەرلەمانتارانى گۆڕان بایکۆتیان کرد؟

(سبەى):

کۆبونەوەى لیژنەى دارایى پەرلەمانى هەرێم و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و حکومەتى هەرێم دەست پێدەکات و ئەندامانى فراکسیۆنى گۆڕان بایکۆتى دانیشتنەکە دەکەن و رایدەگەیەنن؛ کۆبونەوەیەکى بێ ئەنجام دەبێت، ئەگەر حکومەت ئامانجى چارەسەرى دۆخى هەرێم بوایە دەبو گوێ لە پڕۆژە و داواکاریەکان بگرێت.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە، بەهار مەحمود پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا لەبارەى هۆکارى بایکۆتکردنەکەوە رایگەیاند؛ بەشدارى کۆبونەوەکە ناکەین، چونکە پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراق لە ئەنجومەنى نوێنەران پەسەند کراوە و هیچ سەڵاحیەتێک نیە بۆ هەرێمەکان ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێننەوە، بۆیە ئەوەى لەوێ پەسەند نەکراوە لێرە ناتوانرێت رەتبکرێتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد داکۆکى لە ناوەند ناکەن بەوەى قوتى خەڵکى هەرێمى بڕیوە، بەڵام وتى: “دەبێت بیرمان نەچێت ئەوەى بەغدا دەیکات ئەنجامى رێکارەکانى حکومەتى هەرێم دو حیزبى دەسەڵاتدارى هەرێم و هاوئاوازەکانیانە لە ئەنجامدانى ریفراندۆم و (16)ى ئۆکتۆبەر کە ئەوکات گوێ لە ئێمە نەگیرا کە دەمانوت کاتى ئەنجامدانى ریفراندۆم نییە و زەمینەکان لەبار نین”.

وتیشى: “ئەو کۆبونەوەیەى ئەمڕۆ بێ جەدوا و بێ ئەنجام دەبینین، دڵنیاین لەوەى هیچ ئەنجامێکى نابێت لە بەرژەوەندى خەڵک بێت بۆیە بەشدارى ناکەین، ئەگەر ئەم حکومەتە گوێی لە پڕۆژە و داواکارییەکانى ئێمە بگرتایە دۆخى هەرێم و خەڵکى کوردستان بەم شێوەیە نەدەبو”.

لاى خۆیەوە عەلى حەمە ساڵح جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایى لە فراکسیۆنى گۆڕان وتى: “ئێمە چەندینجار و چەند ساڵێکە بەرپرسانى هەرێممان لە هەڵەکانیان ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام دواجار گوێیان نەگرت و خەڵکى هەرێمیان توشى ئەم قەیران و دۆخە کردوە”.

ئەو رونیکردەوە ئەگەر حکومەتى هەرێم لەم دۆخەدا نەوتیش بداتە بەغدا کیشەکان چارەسەر نابن، چونکە ناتوانرێت قەرزى کۆمپانیاکان بدەنەوە، بەوەش سودى ئەو کۆمپانیایانە لەسەر هەرێم زیاد دەکات بەوەش لە ئایندەدا ئەم هەرێمە توشى داڕوخان دەکەن.

لەبارەى هۆکارى بایکۆتکردنى کۆبونەوەکەشەوە وتى: “ئێمە چوار مانگە داوا دەکەین سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى بێنە پەرلەمان بۆئەوەى وەڵامى پەرلەمانتاران بدەنەوە، ئامادە نین بێن، بەڵام ئامادەن وڵات وڵات دواى عەبادى بکەون، بۆیە دەبێت بێنە پەرلەمان و یان وەڵامى پرسیارەکان بدەنەوە یان واز بهێنن، ئەگەر لەسەر ئەم هەمو نەهامەتیە ئامادەنەبن دەستلەکاربکێشنەوە کەى دەستلەکار دەکێشنەوە”.

هەروەک دوپاتیکردەوە؛ لە ئەنجامى ئەزمون و حوکمڕانیى چەند ساڵى رابردو دەرکەوتوە؛ ئەگەر ئەم حکومەتە بەم سەرۆکایەتیەى ئێستاوە بەردەوام بێت دۆخى خەڵک بەم شیوەیە قەیرانەکان بەردەوام دەبن و بگرە زیاتریش دەبن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە