(سبەى):
دواى کۆچى دوایى ئاستۆرى کاپتن، یانەى فیۆرەنتینا توانى یەکەم سێ خاڵ و بردنەوە تۆمار بکات.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕى (28)ـەمى خولى ئیتاڵیدا، یانەى فیۆرەنتینا بە ئامادەبونى هاندەرانى و بەشێکى بەرچاوى وەرزشەوانان و وەرزشدۆستانى ئەو وڵاتە یەکەم یارى بەبێ داڤید ئاستۆرى (کە هەفتەى رابردو کۆچى دوایى کرد) ئەنجامدا و لەناو یاریگادا و بە چاوى پڕ لەفرمێسکەوە رێز لەو یاریزانەى یانەکە نرا.
کوڕانى فیۆرەنتینا بە گۆڵێکى بێوەڵام یاریەکەیان لە یانەى بینیڤینتۆ بردوە و بەوەش جگە لە پێشکەشکردنى سێ خاڵى یاریەکە بە رۆحى ئاستۆرى، یانەکە بوە خاوەنى (38) خاڵ و لە پلەى نۆیەمى ریزبەندى خولەکەدان.
یەکشەممەى رابردو داڤید ئاستۆرى بەرگریکار و کاپتنى یانەکە کە بە گەشتێک بۆ ئەنجامدانى یارى بەرامبەر ئۆدینێزى لە هۆتێلێکى ئەو شارەبو بە جەڵتەى دڵ کۆچى دوایى کرد و بەوەش خەم و پرسە سەرتاپاى و وڵات و بەتایبەت ناوەندە وەزشیەکانى خەمبار کرد.