لەمەودوا تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ بەبەردەوامی کاری پێ دەکرێت… مۆندیالیش دەگرێتەوە

(سبەی):

یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ تۆپی پێ (فیفا) کارپێکردنی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆی بەبەردەوامی لە یارییەکاندا راگەیاند و لەنێویشیاندا یارییەکانی جامی جیهانی ئەمساڵ کە لەروسیا بەڕێوەدەچێت.

جیانی ئینڤانتینۆ، سەرۆکی یەکێتییەکە رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەی دەستەی یاسادانانی تۆپی پێ بڕیاردرا بەکارپێکردنی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ لە یارییەکاندا، چونکە گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ئەو تەکنەلۆژیایە سودی بۆ تۆپی پێ و دادوەرەکان دەبێت.

وتیشی: تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ لە هەزار یاریدا کاری پێکراوە و رێژەی وردی تەکنەلۆژیاکەش گەیشتوەتە (99٪) و دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی بگاتە (100٪).

سەبارەت بەیارییەکانی جامی جیهانیش، سەرۆکی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ تۆپی پێ (فیفا) وتی: دادوەرەکان لەوپەری ئامادەباشیدان و هەروەها راهێنانیان پێ دەکرێت لەسەر بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە.

لەبارەی کاریگەی تەکنەلۆژیاکە لەسەر خاوکردنەوەی یاری و هەروەها بەفیڕۆدانی کات، ئینڤانتینۆ رایگەیاند؛ ئەو پرۆسەیە تەنها یەک خولەکی دەوێت، بەڵام تەنها جێبەجێکردنی لێدانی لاتەنیشت لەیاریدا حەوت خولەکی دەوێت، بۆیە باشترە خولەکێک یارییەکە بەفیڕۆ بڕوات وەک لەوەی بڕیاری هەڵە بدرێت و دواتریش ئەو خولەکە، دەخرێتە سەر خولەکی زیادکراوی یارییەکە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە