کچە رۆژنامەنوسێک شەهید بو .. هەسەدە کوژرانى (125) سەرباز و چەکدار لە (24) سەعاتدا رادەگەیەنێت

(سبەى):

هەسەدە کوژرانى (125) سەرباز و چەکدارى سەر بە سوپاى تورکیا لە ماوەى شەڕ و پێکدادانەکانى (24)سەعاتى رابردو لە شارۆچکەکانی (بلبلێ، شێراوا و شەرا) رادەگەیەنێت و یەپەژە-ش شەهیدبونى کچە رۆژنامەنوسێک و باوکى پشتڕاست دەکاتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانى (24) سەعاتى رابردوى شارۆچکەکانى عەفرینى بڵاوکردەوە و تێیدا ئەوە خراوەتەڕو؛ له‌ دوێنێوه‌ سوپای توركیا و چەکدارانى ئۆپۆزسیۆنى سەر بە سوپاکە بە چەکی قورس ناوەندی عەفرین و ناوچەکانی دوروبەری بۆردومان دەکەن و ئەوە رونکراوەتەوە لە چەند ناوچەیەک لە بلبلێ بەبەردەوامى شه‌ڕڤانان وەڵامى پەلامارەکانیان داوەتەوە و شەڕى سەختیان کردوە و جگە تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازیی بۆمبڕێژکراوی سوپای تورکیا زیاتر له‌ (90) سه‌رباز و چەکدار كوژراون.

ئاماژەى بەوەشکردوە؛ له‌ به‌ره‌ی گوندەکانی باسل و ڤیلات ئەلقاد-ی سەر بە شێراوا، (29) چەکدارى سەر بە سوپا كوژراون و له‌ شارۆچکەى شەرا-ش، شەش چەکدارى دیکە کوژراون.

هاوکات ناوه‌ندی راگه‌یاندنی یەکینەکانى پاراستنى ژنان (یەپەژە) شەهیدبونى رۆژنامەنوسێکى ناوەندەکەى رایگەیاند و رونیکردەوە؛ رۆهه‌ندا خه‌مگین له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیدا، له‌ به‌ره‌ی جندرێس له‌گەڵ باوكی کە ناسراوە بە (‘باوكی ئازاد) لەپێناو بەرگرى لە خاک و نەتەوەکەیاندا شەهید بون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە