(سبەی):
له خولی یانه‌كانی ئیسپانیادا، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه هه‌شته‌م سه‌ركه‌وتنی تۆماركرد‌و سێ خاڵی له مه‌له‌گا وه‌رگرت.
له یارییه‌كانی هه‌فته‌ی نۆیه‌می خولی یانه‌كانی ئیسپانیادا، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه پێشوازی له مه‌له‌گا كرد.
له خوله‌كی دوی سه‌ره‌تای یارییه‌كه‌دا به‌رشه‌لۆنه له رێگه‌ی دیولوفیۆوه بوه خاوه‌نی گۆڵێك، هه‌رچه‌نده لۆكاس دین تۆپه‌كه‌ی له‌دره‌وه‌ی یاریگاوه هێنایه‌وه، به‌ڵام ناوبژیوان به دروست ئه‌ژماری كرد.
له‌تایمی دوه‌مدا له‌كاتێكدا یاریزانانی مه‌له‌گا سه‌رقاڵی یه‌كسانكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه بون به‌ڵام له خوله‌كی (56)دا ئه‌ندرێس ئینێستا یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی كرده خاوه‌ن گۆڵی دوه‌م، یارییه‌كه‌ش به دو گۆڵی خاوێن به‌سودی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه كۆتایی هات، ئه‌وه‌ش هه‌شته‌م بردنه‌وه‌ی ئه‌و یانه‌یه بو له خوله‌كه‌دا.
به‌و ئه‌نجامه‌ش به‌رشه‌لۆنه به كۆكردنه‌وه‌ی (25) خاڵ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی گرتوه‌و مه‌له‌گاش ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌و له دوا پله‌ی ریزبه‌ندیه‌كه‌دایه.