“سڕکردنى ریفراندۆم”، دەبێتە بابەتى میدیا جیهانییەکان

بارزانى دواى دەنگدانى لە ریفراندۆمى (25)ى ئەیلول

(سبەى):

پێشنیازەکەى حکومەتى هەرێم بە “سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆم” کاردانەوەى میدیاى جیهانییەکانى لێدەکەوێتەوە و هەندێکیان بە پاشەکشەى ناودەبەن، ئەوەش بەهۆى ئەوەى پێشتر بەرپرسانى باڵادەستى هەرێم دەیانوت گوێ بە هەڕەشە و کاردانەوەکان نادەن.

 

سەربارى ئەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆیى و دەرەوەدا لایەنە دڵسۆزەکان و دۆستەکانى هەرێم جەختیان لە پێویستى ئەنجامنەدانى ریفراندۆم دەکردەوە لە (25)ى ئەیلولى رابردودا، بەڵام “ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم”کە ناشارعى و نایاسایى بو، بێ گوێدانە مەترسى و کاردانەوەکان سوربو لەسەر ئەنجامدانى، ئەوەش کاردانەوەى توندى بەغداى لێکەوتەوە کە جگە لەوەى دەیان پێشمەرگە بونە قوربانى، (51%)ى خاکى کوردستان رادەستى ناوەند کرا، جگە لە زیانە ئابورى و سیاسیەکانى دیکە.

 

لە نوێترین هەڵوێستدا و دواى فشارە توندەکانى حکومەتى عێراق و تورکیا و ئێران و بەدەمەوە نەهاتنى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، حکومەتى هەرێم بەرەبەیانى ئەمڕۆ و پێش گەشتەکەى عەبادى بۆ تورکیا لە راگەیەنراوێکى فەرمیدا پێشنیازى “سڕکردنى ئاکامى ریفراندۆم”ى خستوەتەڕو، ئەوەش بوەتە جێى بایەخى میدیا عەرەبى و جیهانییەکان.

 

لاى خۆیەوە (سکاى نیوز)، بڵاویکردوەتەوە؛ لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتى هەرێمى کوردستان پاشەشکەى لە هەڵوێستەکانى کردوە، ئەوەش بەهۆى ئەو دۆخەى بەهۆى ئەنجامدانى ریفراندۆمەوە هاتوتە ئاراوە و “بەیاننامەیەکى بۆ سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆم و هەوڵە سەربازیەکان بڵاو کردوەتەوە”.

 

ئاماژەى بەوەشکردوە حکومەت پێشنیازى سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆمى (25)ى ئەیلولى کردوە، کە بوە هۆى توڕەبونى مایەى کاردانەوەى بەغدا و ئێران و تورکیا و دەوڵەتە زلهێزەکان.

 

هەروەک ئاماژەى بە روداوەکانى دواى (16)ى ئۆکتۆبەر کردوە کە لە ئەنجامى کردە سەربازیەکانى سوپا و حەشدى شەعبى لە هەندێک ناوچە شەڕ و ئاڵۆزى رویدا و لە بەشێکى خاکى کوردستانیش پاشەکشە بە هێزەکانى پێشمەرگە کرا.

 

لاى خۆیەوە کەناڵى (روسیا تودەى)، لە زارى پەیامنێرەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە کە حکومەتى هەرێم ئامادەیى بۆ سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆم و دەستپێکردنى گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەربڕیوە.

کەنالەکە ئاماژەى بەوەشکردوە؛ ئەو هەنگاوەى حکومەتى هەرێم، لەکاتێکدایە کە هێزەکانى عێراق پێشڕەویان بەرەو دەروازەى (فیشخاپور) کردوە و داوا دەکەن پێشمەرگە بێ بەرگرى و بەرپەرچدانەوە رادەستیان بکات و ئەوەشى خستوەتەڕو کە ئامانجى هێزەکانى عێراق کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنوریەکانی نێوان عێراق و سوریا و تورکیایە و دەیانەوێت هێزەکانى پێشمەرگە بگەرێنەوە ئەو سنورانەى ساڵى (2003) لێى جێگیر بون.

 

هەروەک تۆڕى (بی بی سی) ناوەڕۆکى پێشنیازەکانى حکومەتى هەرێمى سەبارەت بە سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆمى بڵاوکردوەتەوە.

 

هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەى حەیات، ئاماژەى بەوەکردوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتى هەرێم پێشنیازى سڕکردنى ئەنجامى ریفراندۆمى خستوتەڕو، ئەوەش دواى ئەوەى ئەریفراندۆمەکە قەیرانى گەورەى لێکەوتوەتەوە لەنێوان هەولێر و حکومەتى ناوەند.

باسیلەوەشکردوە، بەغدا ئەنجامى ریفراندۆمەکە رەتدەکاتەوە و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکات لەلایەن هەرێمەوە پێش ئەنجامدانى هەر هەوڵێکى گفتوگۆى نێوان هەردولا.

 

هەروەک کەناڵى (دۆچە ڤیلە)ى ئەڵمانى راپۆرتێکى لەبارەى خستنەڕوى پێشنیازى سڕکردنى ئەنجامدانى ریفراندۆمى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بڵاوکردوەتەوە.

 

هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژەى بە پێشهاتە نوێیەکان و دۆخى سیاسى هەرێم کردوە لەوانە  دواخستنى هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەى وادەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەشت مانگى دیکە.

 

هەروەک ئاماژەى بە پێداگیریى بارزانى لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم کردوە سەربارى خستنەڕوى بەدیل لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیەوە، ئەوەشى خستوەتەڕو کە بارزانى لە (2013)ەوە وادەى یاسایى ویلایەتەکەى کۆتایى هاتوە و لەو کاتەدا بۆ دو ساڵ ویلایەتەکەى درێژکراوەتەوە.

 

کەناڵە ئەڵمانیەکە ئەوەشى رونکردوەتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان کە خاوەنى (24) کورسى پەرلەمان و کۆمەڵى ئیسلامى کە شەش کورسى لە پەرلەمانى کوردستان هەیە دانیشتنەکانیان بایکۆت کردوە، هەروەک ئەوەى بیر هێناوەتەوە کە رۆژى یەکشەممە بزوتنەوەى گۆڕان داواى دەستلەکارکێشانەوەى بارزانى و هەڵوەسشاندنەوەى سەرۆکایەتى و حکومەتى هەرێم و پێکهێنانى حکومەتێکى رزگارى نیشتمانى کرد.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە