(سبەی):
بزوتنەوەی گۆڕان رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی کاتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هەنگاوی یەکەم دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمە.
د.شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند؛ ئەوان تۆسقاڵێک ئومێدیان مابو کە بۆ یەکجاریش بێت بتوانن دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن و داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن و دەستلەکاربکێشنەوە، بەڵام ئەوەیان نەکرد.
سەبارەت بە رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی کاتیش، د.شۆڕش حاجی وتی: ئەنجومەنی وەزیران دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە و حکومەتی کاتی رزگاری نیشتیمانی پێکبهێندرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، بەڵام ئەوەیان نەکرد، هەربۆیە رێکاری دوەم ئەوەیە لەناو پەرلەمان و بە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامەکانی متمانە لەو حکومەتە وەربگرێتەوە، بەڵام تەنانەت رێگەنادەن پەرلەمانی کوردستانیش نوێنەرایەتی دەنگی راستەقینەی خەڵکیش بکات و پارتی و یەکێتی و هاوئاوازەکانیان بەشێوەیەک ئەو پەرلەمانە بەڕێوەدەبەن کە وەک دەبینرێت چەند دانیشتنێکی لەدوای یەک دوادەخرێت بەبێ ئەوەی هۆکاری دواخستنەکەش بە پەرلەمانتارەکان بوترێت.
رونیشیکردەوە، هەنگاوی سێیەم بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ئەم حکومەتە، ئەوەیە (1+50٪)ی وەزیرەکانی ئەم کابینەیە دەستلەکاربکێشنەوە و داوایەکیش لە سەرجەم وەزیران دەکات کە وەکو هەستکردن بە پەرپرسیارێتی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان رابگەیەنن.
لە ئەگەری نەکردنی ئەو کارەش، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان باس لە رێکارە مەدەنییەکان دەکات لەرێگەی جوڵەی شەقام و مانگرتنی هاوڵاتیان و فەرمانبەران بۆ ناچارکردنی حکومەت بە دەستلەکارکێشانەوە و پێکهێنانی حکومەتی کاتی رزگاری نیشتیمانی.
گۆڕان رێگاکانی پێکهێنانی حکومەتی کاتی ئاشکرا دەکات
Publié par Sbeiy sur vendredi 27 octobre 2017