(سبەی):
یانەى وەرزشی سلێمانی بەفەرمی حەیدەر مەحمودی وەک راهێنەری نوێی یانەکە ناساند.
دوای نۆژەنکردەوەی یاریگای سلێمانی و سەردانی لیژنەی مۆڵەتپێدان لە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا و عێراق بۆ یاریگاکە و وەرگرتنی مۆڵەتی لیژنەکە و گەڕانەوەی یانەى سلێمانی بۆ خولی عێراقی، ئەمڕۆ ئیدارەی یانەی وەرزشی سلێمانی گرێبەستیان لەگەڵ حەیدەر مەحمود ئیمزاکرد و وەک راهێنەری نوێ بە راگەیاندنەکانیان ناساند.
حەیدەر مەحمود، پێشتر راهێنەری یانەکانی زاخۆ و دهۆک و زەورا بوە و زانیاریی تەواوی لەسەر رکابەریەکانی خولی عێراق هەیە و دوپاتی کردەوە کە؛ هەوڵ دەدات لە جێی ئەو بەرپرسیارێتیە بێت کە پێی دراوە و هیوادارە لە ئەرکە نوێیەکەی سەرکەوتو بێت.
لەبەرامبەردا، سەرکەوت حەسەن سەرۆکی یانەی وەرزشی سلێمانی رایگەیاند: هیوامان هەیە کە لەخولی عێراق بتوانین رکابەری بکەین نەک تەنها هەر بمێنینەوە.
ئاماژەى بەوەکرد؛ بەنیازن کۆمەڵێک یاریزانی دیکە بکڕن بۆ ئەوەى پێکهاتەیەکی بەهێز دروستبکەن.