(سبه‌ی):
پۆل مانافۆرت به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا به‌تاوانی پیلانگێڕی له‌دژی وڵاته‌كه‌ی تۆمه‌تباركرا، ئه‌و له سه‌ره‌تای هاوینه‌وه بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان كاریكرد، كاره‌كانی مانافۆرت به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستێك بو كه له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی كوڕه گه‌وره‌ی مه‌سعود بارزانیدا ئیمزای كردبو.
پۆل مانافۆرت، عه‌ڕابی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناوه‌نده‌كانی ئه‌مەریكا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بانگه‌شه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، ئه‌و ئێستا تۆمه‌تباركره به پیلانگێڕی له‌دژی وڵاته‌كه‌ی.
بۆب مۆله‌ری راوێژكاری یاسایی كه له دۆسیه‌ی ده‌ستوه‌ردانی روسیا له هه‌ڵبژاردنه‌كه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ساڵی رابردوی ئه‌مەریكا ده‌كۆڵێته‌وه، هه‌ریه‌ك له مانافۆرت و هاوڕێ بزنسمانه‌كه‌ی ریك گه‌یتس به‌ده‌ستتێكه‌ڵاوكردن له‌گه‌ڵ مۆسكۆ تۆمه‌تباركرد.
به‌پێی قسه‌ی پێر پیته‌ر وته‌بێژی نوسینگه‌ی راوێژكار بۆب مۆله‌ر، مانافۆرت‌و هاوڕێكه‌ی به 12 تاوان تۆمه‌تباركراون كه ئه‌مانه‌ن:
* پیلانگێڕی له‌دژی ئه‌مەریكا
* سپیكردنه‌وه‌ی پاره
* خۆدزینه‌وه له تۆماركردنی ناو وه‌كو نوێنه‌ری یاسایی رێكخراو گروپه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی
* ساخته‌كاری و چه‌واشه‌كاری له‌به‌رده‌م ئاژانسی تۆماركردن
* لێدوانی درۆ
* حه‌وت تۆمه‌تی تری په‌یوه‌ست به ئاگادارنه‌كردنه‌وه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌كان له‌باره‌ی حسابه بانكی و داراییه‌كان
رۆژنامه‌ی گاردیانی بڵاوی كرده‌وه، به‌هۆی به‌هره‌كه‌ی له‌بواری كاری لۆبیدا، مانافۆرت له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژماره‌یه‌ك له‌دیكتاتۆره‌كان جیهان له‌وانه دیكتاتۆری پێشوی كۆماری زایر كه دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ كۆنگۆی دیموكرات سی سیكۆ، دیكتاتۆری پێشوی فلیپین و ئه‌نگۆلا كاریكردوه.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی ئاشكرایكرد، له‌سه‌روبه‌ندی بڕیاردان له ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پۆل مانافۆرت چاوی كه‌وتوه به مه‌سرور بارزانی كوڕه گه‌وره‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و هه‌ردولا رێككه‌وتون له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا، مانافۆرت هه‌وڵبدات پشتیوان بۆ ریفراندۆم له‌ناو ناوه‌نده‌كانی بڕیاربه‌ده‌ستی ئه‌مریكا په‌یدا بكات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مانگی ته‌موزی ئه‌مساڵ، له ئه‌مەریكا دیدارێك له‌باره‌ی ریفراندۆم به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی مه‌سرور بارزانی به‌ڕێوه‌چو، تێیدا چه‌ند خانه‌نشینێكی ئه‌مەریكی ئاماده‌بون، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند كه‌سێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی ریفراندۆم له میدیاكانی ئه‌مەریكا وتار و نوسینیان بڵاوكرده‌وه.
پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان هیچ لێپرسراوێكی ئیداره‌ی ئه‌مەریكا ئاماده نه‌بون پشتیوانی له هه‌رێم بكه‌ن، ئه‌مه ده‌ریخست مانافۆرت سه‌ركه‌وتو نه‌بوه له‌و ئه‌ركه‌ی پێی سپێردراوه. ناشزانرێت چه‌ند ملیۆن دۆلاری له‌پای ئه‌و كاره‌دا له‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێدراوه.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی نیویۆرك تایمز، تۆمه‌تی خۆدزینه‌وه له‌باج و پاره سپیكردنه‌وه له‌ڕێی چه‌ند حسابێكی بانكی له قوبرس، پلانی ئاڵۆزی مانافۆرت بۆ لۆبیكردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتێكی ئۆكرانی سه‌ر به‌روسیا و ڤیكتۆر یانۆكۆڤیجی سه‌ركرده‌ی پارته‌كه ده‌رده‌خات.
داواكاری گشتی رایگه‌یاندوه، مانافۆرت زیاتر له (18) ملیۆن دۆلاری سپی كردوه‌ته‌وه‌و پاره‌یه‌كی زۆری خه‌رجكردوه، (5) ملیۆن و (500) هه‌زار دۆلاری داوه به‌كۆمپانیایه‌كی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خان‌و، ملیۆنێك و (300) دۆلاری داوه به دوكانی جلوبه‌رگ له نیویۆرك و كالیفۆرنیا. به‌مجۆره مانافۆرت به‌و پارانه‌ی له‌ده‌ره‌وه ده‌ستیكه‌وتون، له ده‌سه‌ڵاتدارانی و وڵاته‌كه‌ی باجی شاردوەته‌وه و ژیانێكی زۆر شاهانه ژیاوه بێئه‌وه‌ی هیچ باجێكی لێبدات. هه‌روه‌ك ئاماده نه‌بوه ناوی خۆی تۆماربكات وه‌كو لۆبیستێك بۆ وڵات‌و رێكخراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا.
نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه، ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌كان ساغ ببنه‌وه، مانافۆرت نزیكه‌ی (20) ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.