وه‌زیرێكی‌ كورد له‌ به‌غدا بانگەوازێک ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات 

(سبه‌ی‌):

بۆ ئەوەی‌ موچە و مافی‌ موچەخۆران و فەرمانبەران مسۆگەر بکرێت و نەفەوتێت، وەزیرێکی‌ کورد لە حکومەتی‌ ئیتیحادی‌ بانگەوازێک ئاڕاستەی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەکات.

دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیری‌ کۆچ و کۆچبەرانی‌ عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی‌ بۆ ئەوەی‌ کردوە، ئێستا حکومەتی‌ ئیتحادی‌ سەرقاڵی‌ ئامادەکردنی‌ پرۆژە یاسای بودجەی‌ ساڵی‌ (٢٠١٨)یە و کاتی‌ ئەوەیە حکومەتی‌ هەرێم ماف و موچەی‌ موچەخۆران و فەرمانبەرانی‌ هەرێم لە بەغدا جێگیر بکات.

لە راگەیەنراوێکەی‌ نوسینگەی‌ رۆژنامەوانی‌ وەزیری‌ کۆچ و کۆچبەرانی‌ عێراقدا هاتوە “پێویستە هەرێمی کوردستان بەزوترین کات بکەوێتە گفتوگۆ لەبارەی بودجەو فەرمانبەران، چونکە وەزیرانی کورد لە ئەنجومەنی وەزیران وردەکاری بودجە و موچەی هەرێمیان لانیە تاوەکو ڕەشنوسی بودجە بە شێوەیەک دەربچێت کە مافی فەرمانبەران بە تەواوی بپارێزێت.”

ئەم بانگەوازەی‌ دکتۆر دەرباز محەمەد لە کاتێکدایە، حکومەتی‌ ئیتیحادی‌ ئامارێکی‌ لەبەردەستدایە لە کە ساڵانی‌ رابردو بۆ بەغدا نێردراوە و ژمارەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم بە (٦٨٤) هه‌زار فەرمانبەر دانراوەو وردەکاریی پێداویستیە داریییەکان و خەرجییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە لایەن حکومەتی‌ هەرێمەوەو بۆ نوێنەرانی‌ کورد لە بەغدا روننەکراوەتەوە لە ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە