دوایین ئامار و ئاستی زیانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

(سبەی):

بە پێی دوایین ئامار بەهۆی زەمینلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا ئێستا (430) کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (7370) کەسی دیکەش برینداربون.

میدیاکانی ئێران دوایین ئاماری قوربانییانی زەمینلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بڵاو کردەوە و بە پێی ئامارەکان ژمارەی قوربانییەکان لە بەرز بونەوەدایە و تا ئێستا (430) کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر (7370) کەس بریندارن.

زۆرترین ژمارەی قوربانیی لە شاری سەپل زەهاو بوە و تەنها لەو شارە (300) کەس گیانیان لەدەستداوە و (1200) کەس برینداربون.

ناوەندی کەشناسی و  زەمینلەرزەی ئێران رایگەیاندوە، لە (24) سەعاتی رابردودا (203) زەمینلەرزەی دیکە لە ناوچەکانی کرماشان-ی داوە کە پلەی (20) زەمینلەرزەیان لە سەروی چوار بە پلەی رێختەر بوە.

بە پێی ئامارەکان (30) هەزار بینا و خانو لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان پێگەیشتوە کە هەندێک لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن زۆربەی ئەو خانوانە (100%) کەڵکیان لێوەرناگیرێتەوە.

بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە، دەرهێنانەوەی قوربانییان لە ژێر داروپەردوی بینا و خانوە روخاوەکاندا تەواو بوە و بە زوترین کات هەوڵی جێگیر کردنی ئەو کەسانە دەدرێت کە بەهۆی زەمینلەزەکەوە بێ ماڵ و حاڵ بون.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە