یانەکانی سلێمانی و هەولێر لە خولی عێراقی ببێبەش کران

ستافی تیپی تۆپی پێی عێراقی یانەی سلێمانی 2017

(سبەی):

یەکێتی تۆپی پێی عێراقی بڕیاریدا، کە خولی نایابی عێراق بەبەشداریی (20) یانە بەڕێوەبچێت بەوەش ژمارەیەک یانە و لەنێویاندا یانەکانی سلێمانی و هەولێر لەو خولە بێبەش دەبن.

یەحیا کەریم، ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند: لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیاریانداوە کە خولی نایابی عێراقی بۆ ئەم وەرزە بەبەشداریی (20) تیپ بەڕێوەبچێت و یارییەکان بە سیستمی چون و گەڕانەوە بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ بۆ وەرزی داهاتو دو یانە سەردەکەون و دو یانەی دیکە خولەکە بەجێدەهێڵن و رۆژی پێنجشەممە تیروپشکی یانەکان ئەنجامدەدرێت رۆژی دوشەممەی داهاتو یەکەم گەڕی وەرزی نوێی خولەکە دەست پێدەکات.

بەپێی ئەو بڕیارەی یەکێتی تۆپی پێ، شەش یانە لە خولەکە بێبەش دەبن لەنێویاندا یانەکانی هەولێر و سلێمانی، کە پێشتر یانەی سلێمانی دوای نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەی و سەردانی لیژنەی رێگەپێدانی عێراقی و ئاسیایی بڕیاردرا بەشداریی خولی نایابی عێراقی بکات، بۆ ئەوەش یانەی سلێمانی دەستی بە ئامادەکارییەکانی کرد و گرێبەستی نوێی لەگەڵ راهێنەر و ژمارەیەک یاریزان ئەنجامدا و دەستی بە مەشق و راهێنان کرد و چەند یەکەیەکی مەشقی کردوە  بۆ خۆمادەکردن بۆ بەشداریی خولەکە.

رۆژی چوارشەممەی رابردو (12) یانەی عێراق لە بەغدا کۆبونەوە و هەڕەشەی کشانەوەیان کرد لە خولی نایابی عێراقی، ئەگەر خولەکە بە سیستمی (20) تیپی بەڕێوەنەچێت و زیاد بکرێت بۆ سیستمی (26) و (28) تیپی.

 

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە