(سبه‌ی):
قه‌یرانی دارایی له هه‌رێم و سیاسته شكستخواردووه‌كانی حكومه‌ت و و قه‌یرانه‌كان كاریگه‌رییان كردوه‌ته سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن له هه‌رێمی كوردستان.
ئێستا له به‌شێك له خوێندنگه‌كانی سلێمانی بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كان، پاره له كه‌سوكاری خوێندكاران وه‌رده‌گیرێت، به‌شێك له كه‌سوكاری خوێندكاران ده‌ڵێن وه‌رگرتنی پاره به ره‌زامه‌ندی خۆییان بوه، شاره‌زایه‌كی په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێت پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن كه‌موكوڕی زۆری تێدایه و پێویستی به چاره‌سه‌ركردن هه‌یه.
شوكریه ره‌سوڵ، دایكی خوێندكارێكی یه‌كێك له خوێندنگه‌كانی سلێمانیه، رۆژێك له‌كاتی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌دا چوه‌ته هۆڵی خوێندنی منداڵه‌كه‌ی، به‌ڵام هۆڵێكی تاریك و سارد ده‌بینێت، بۆیه بڕیارده‌دات له‌بری حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی دایكان و باوكانه‌وه بڕێك پاره بۆ خوێندنگه‌كه كۆبكاته‌وه بۆ دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كان.
ته‌نیا شوكریه ره‌سوڵ نییه كه بڕێك پاره‌ی داوه به خوێندنگه‌ی خوێندكاره‌كه‌ی، به‌ڵكو ئێستا به هۆی خراپیی دۆخی داراییانه‌وه له به‌شێك له خوێندنگه‌كان پاره له كه‌سوكاری خوێندكاران وه‌رده‌گیرێت بۆ دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌شێك له كه‌سوكاری خوێندكارانیش ده‌ڵێن، وه‌رگرتنی پاره لێیان ئاره‌زومه‌ندانه‌یه و به ڕه‌زامه‌ندی خۆیان بوه.
یاریده‌ده‌ری یه‌كێك له خوێندنگاكان ده‌ڵێت، دۆخی دارایی خوێندنگه‌كه‌یان زۆر خراپه به جۆرێك كارگوزاری خوێندنگه‌كه‌یان، له‌لایه‌ن كه‌سوكاری خوێندكارانه‌وه مانگانه موچه‌ی بۆ دابین ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، به پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، وه‌رگرتنی پاره له كه‌سوكاری خوێندكاران رێگه‌پێدراو نییه، شاره‌زایه‌كی بواری په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێت، پرۆسه‌ی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان ناته‌ندروسته و كه‌موكوڕی زۆری تێدایه.
به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی دارایی و سیستمی چاره‌كه موچه و بایه‌خنه‌دانی حكومه‌ت به كه‌رتی په‌روه‌رده و فێركردن، ئێستا ئه‌و كه‌رته هاوشێوه‌ی كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كانی تری هه‌رێم له دۆخێكی زۆر خراپدایه و خوێندگه و قوتابخانه‌كان جگه له نه‌بون و كه‌مبونه‌وه‌ی موچه، روبه‌ڕوی چه‌ندین كێشه‌ی تر بونه‌ته‌وه كه كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن ده‌بێت.