هۆشداری دەدرێت لە کوژانەوەى یەکەکان .. گۆڕانکارى لە خشتەى کارەبا دەکرێت

کەمبونەوە و نەبونى کارەبا هەموانى گیرۆدە کردوە

(سبەى):

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە فەرمی هۆشداریدەدات لە كوژانەوەی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای چەمچەماڵ و هەولێر، بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى سلێمانیش کەمبونەوەى کارەبا بۆ دابەشنەکردنى نەوت بەسەر ماڵاندا دەگەڕێنێتەوە و گۆڕانکاریش لە خستەى کارى موەلیدە ئەهلیەکان دەکرێت.

 

وەزارەتی كارەبا لە راگەیەنراوێكدا، ئاماژەى بەوەکردوە؛ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە بەدەستیان گەیشتوە چەند هەفتەیەكە هاتوچۆی تەنكەرەكانی گواستنەوەی سوتەمەنی لە كێڵگەی كۆرمۆر بەهۆی چەند كەسێكەوە روبەروی ئاستەنگ بوەتەوە، بەهۆی ئەم كارەشەوە زیانی زیاتر لە (10) ملیۆن دۆلار بەر حكومەت كەوتوە.

وەزارەتی كارەبا ئەوەشى خستوەتەڕو؛ لایەنەكانی تری پەیوەنداری بەرپرس تا ئێستا نەیانتوانیوە كێشەكە چارەسەر بكەن، لەبەرئەوە لەكاتی بەردەوامبونی ئەو كێشەیە ئەگەری كوژانەوەی یەكەكانی هەردو وێستگەی كارەبای غازی چەمچەماڵ و هەولێر هەیە ئەوەش لەبەر داخستنی بیرەكانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی.

 

ئەوە لەکاتێکدایە تادێت سەعاتەکانى کارەباى نیشتمانى رو لە کەمبونە و بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانیش دەڵێت: “دابەشنەكردنی نەوت خواستی كارەبای دو بەرامبەر كردوە”

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت هاوڵاتیان دو بەرامبەر كارەبا بەكاردەهێنن و ئەوەش هۆكاری سەرەكی زۆری خواستی كارەبا و كەمبونەوەیەتی.

لاى خۆیەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی كارەبای سلێمانی لە بارەی خشتەی كارەبای موەلیدە ئەهلیەكانەوە وتى: “بۆ مانگی (یانزە) نرخی هەر ئەمپێرێك (42) دینارە واتە ئەگەر مۆلیدەیەك (180) كاتژمێر كاری كردبێت ئەوا بۆ ئەمپێرێك بڕی حەوت هەزار و (500) دینار وەردەگرێت”.

ئاماژەى بە گۆڕانکارى لە خشتەى پێدانى کارەباى موەلیدە ئەهلیەکانیش کرد و وتی: “موەلیدە ئەهلییەكان بۆ ئەم مانگە، لە بەیانیاندا  لە سەعات (7:00 – 8:00) و عەسران لە (2:30)یەوە بۆ (1:00)ى شەو كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابیندەكەن لەو کاتانەدا کە کارەباى نیشتمانى نابێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە