(سبەی):
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان توندوتیژی و برینداری لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان بە تەقەکردن و گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیان دا.
پەیامنێرانی (تۆڕی میدیای گۆڕان) لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێیانڕاگەیاندین: لە شاری چەمچەماڵ لەوکاتەی خۆپیشاندەران چونەتە بەردەم وێستگەی کارۆغازی لەرۆژهەڵاتی شارەکە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دو بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی گشتی چەمچەماڵ.
هاوکات لە قەزای رانیەش هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کردوە و ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیرکردوە و هێزێکی زۆری پۆلیس و ئاسایش لەناو شارەکە بڵاوکراونەتەوە.
لەقەزای رەواندوزیش، هێزەئەمنییەکان بەهێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان برینداربون و ژمارەیەک خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.
لە سلێمانیش پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بەکاریگەریی گازەکە باری تەندروستیان تێکچوە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.