“لاوازی حكومەتی هەرێم و شكستەكانی هۆكاری بەردەوامی كێشەكانە”

کاوە محەمەد

(سبەى):

بەشێك لە شارەزایانی ئابوری ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی لە عێراقدا بە هۆكارێكی سەرەكی بەردەم كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم دەزانن لە عێراقدا، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: “مانەوەی حكومەتی هەرێم لەدوای شكستە بەردەوامەكانی هۆكاری دەستپێنەكردنی گفتوگۆكانە”.

بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆش دەڵێن بەهۆی فشاری شەقامی عێراقیەوە بەغدا تادوای هەڵبژاردن گفتوگۆی جدی لەگەڵ هەرێم ناكات.

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ‌ دانیشتوانی هەرێم و شەقامی كوردی چاویان لە گۆڕانكارییە لە كایە سیاسی و ئابوریەكاندا، بەتایبەت ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە و گەڕانەوەی موچەیە بەبێ‌ پاشەكەوت، بەشێك لە شارەزایانی ئابوری ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراقدا بە هۆكارێكی سەرەكی دادەنێن بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم.

ماوەی سێ مانگە و لە دوای ریفراندۆمەوە هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای گفتوگۆ لە بەغدا دەكات، بە بۆچونی پەرلەمانتارێك ئەو حكومەتەی ئێستا شكستیهێناوە و نوێنەرایەتی خەڵكی هەرێم ناكات و بەغداش ئامادە نییە لە گەڵیدا كۆببێتەوە.

كاوە محەمەد، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران لە فراکسیۆنى گۆڕان، دەڵێت:” لاوازی حكومەتی هەرێم و شكستە بەردەوامەكانی هۆكاری بەردەوامی كێشەكانە و مانەوەی ئەم حكومەتەش لەدوای شكستە بەردەوامەكانی هۆكاری دەستپێنەكردنی گفتوگۆكانە”.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێشبینیدەكەت تا دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆی جدی لە نێوان بەغدا و هەرێم دەست پێناكات، چونكە عەبادی لە ژێر فشاری شەقامی عێراقدایە و هەر نەرمی نواندنێك بەرامبەر هەرێم دەبێتە هۆی كەمبونەوەی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا.

تێپەڕبونی وادەی یاسایی بۆ پەسەندكردنی بودجەی (2018) عێراق و گەڕانەوەی پرۆژە یاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، حكومەتی عێراقی ناچاركردوە كە بەپێی داهاتی بەردەست مامەڵە لەگەڵ بوجەدا بكات و ئەوەش وادەكات پرسی نەناردنی بودجەی هەرێم وا بەئاسانی یەكلایی نەكرێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە