دو ساڵ بەسەر پاشەكەوتى موچەدا تێدەپەڕێت .. حكومەت چەند قەرزارى فەرمانبەرانە؟

(سبەى):

دوساڵ بەسەر سەپاندنی سیستمی پاشەكەوتی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تێپەڕدەبێت و تائێستا حكومەت حەوت موچەی موچەخۆران قەرزارە كە نۆ ملیار دۆلار دەكات، تا ئێستاش هیچ پلانێكی نیە بۆ چۆنیەتی دانەوەی و ئەگەر عەبادیش فریای نەكوێت، ساڵی داهاتوی لە رابردو باشتر نابێت.

دو ساڵ لەمەوبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بیانوی قەیرانی داراییەوە بە نایاسایی سیستمێكی نوێی دابەشكردنی موچەی داهێنا، بە پێی ئەو داهێنانەی حكومەتی هەرێم، كە بە یەكێك لە سەمەرەترین پرۆسەكانی دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵك دادەنرێت لە جیهاندا و لە دنیاشدا نمونەی نییە، حكومەت دەستیكرد بە بڕینی موچەی فەرمانبەران بە رێژەی (20% تا 75%).

ئەو رۆژەی حكومەتی هەرێم بیری لەو سیستمە كردەوە و خستیە بوارى كارپێكردنەوە، ماوەیەك بو دەستیكردبو بە سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری و فرۆشتنی تاك لایەنەی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ئیتحیادی، بە پاساوی ئەوەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەبارێنێ.

حكومەتی هەرێم لەگەڵ داهێنانانە سەمەرەكەیدا بەڵێنی ئەوەیدا بە فەرمانبەران و مامۆستایان كە هەر (30) رۆژ جارێك چارەكە موچەكە دابەشبكات، بەڵام لە (2017)دا هاوشێوەی بەڵێنەكانی پێشوی ئەوەشی نەبردە سەر و لەو ساڵەدا لەكۆی (12) چارەكە موچە تەنها نۆ چارەكە موچەی دابەشكرد.

لە سەرەتای ساڵی (2016)دا، كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە نزیكەی (26) دۆلار حكومەتی هەرێم بەهۆی شكستی حوكمڕانی و داراییەوە نەیتوانی موچەی فەرمانبەران دابین بكات و بەو هۆیەوە سیستمی زۆرەملێی پاشەكەوتی داهێنا، ئێستا لە دوەمین ساڵیادی پاشەكەوتدا، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتوەتە سەر و (65) دۆلار، بەڵام بە هۆی بێپلانی و شكستی حوكمڕانییەوە حكومەت نەك هەر توانای نیە پێداچونەوە بۆ سیستمی پاشەكەوت بكات، بەڵكو توانای ئەوەی نەماوە سیستمی پاشەكەوتیش جێبەجێ بكات.

ئێستا حكومەتی هەرێم حەوت موچەی تەواوەتى فەرمانبەرانی لایە، ئەمە جگە لەوەی رێژەیەكی زۆری موچەشی پاشكەوت كردوە، كە بڕەكەی بۆ هەر مانگێك بریتییە لە (250) ملیۆن دۆلار و ساڵانەش سێ ملیار دۆلارە.

هەرچەند حكومەت بەڵێنی دابو بە بەرزبونەوەی نرخی نەوت پێداچونەوە بە سیستمی پاشەكەوتدا بكات، بەڵام ئێستا بەهۆی شكستە بەردەوامەكانیەوە نەك سیستمەكەی پێ چاكناكرێت، بەڵكو نۆ ملیار قەرزارە و لەوەش ئەچێت ساڵی داهاتوی لە ساڵی رابردو خراپتربێت، ئەگەر حكومەتی حەیدەر عەبادی كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەرنەكات.

بە وتەی شارەزایانی ئابوری؛ كێشەی گەورەی حكومەتی هەرێم بریتییە لە زۆریی ژمارەی فەرمانبەران و بەكارهێنانی موچە بۆ كۆكردنەوە و كڕینی دەنگە لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی هەرێم كێشەی سیاسی و ئیداری و خراپ بەڕێوەبردنی هەیە نەك نەبونی داهات و كەمبونەوەی سەرچاوەكانی داهات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە