(سبەی):
بۆ یه‌كه‌مین جار رۆژنامه‌یه‌كی بیانی له‌نێو عه‌فرینه‌وه روداوه‌كان بۆ جیهان روماڵ ده‌كات و ئاشکرای دەکات؛ قوربانیانی سه‌ره‌كی هێرشه‌كانی توركیا خه‌ڵكانی مه‌ده‌نین و له‌ناو قوربانییه‌كاندا ئاواره و منداڵ و ژن و خه‌ڵكی به‌ساڵاچو هه‌ن.
له خێزانێكی پێنج كه‌سی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له گوندێكی بچوكی ناوچه‌ی مه‌عبه‌تلی نزیك عه‌فرین تەنیا دیمنی کاولکاریی به‌جێماوه، ئه‌و خێزانه له رابردودا بۆ دۆزینه‌وه‌ی په‌ناگه‌یه‌كی ئارام رویان له ناوچه كوردییه‌كان كردبو، ئه‌مجاره له به‌ره‌به‌یاندا ده‌نگی بۆردومانه‌كانی توركیا به‌خه‌به‌ری هێنان، به‌ڵام نه‌یانتوانی هه‌ستنه سه‌رپێێ و چوار ئه‌ندامی خێزانه‌كه ده‌ستبه‌جێ گیانیان سپارد و منداڵێكیشان بێ دایك و باوك به‌جێما.
رۆبێرت فیسك رۆژنامه‌نوسی رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنت به‌م چه‌شنه ده‌چێته نێو ئه‌و چیرۆكه‌وه كه خۆی وه‌ك رۆژنامه‌نوسێكی مه‌یدانی له‌نێو شاری عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری بینه‌ری بوه. ئه‌مه یه‌كه‌مینجاره میدیایه‌كی بیانی له دوای هێرشه‌كه‌ی توركیاوه له‌نێو عه‌فرینه‌وه روداوه‌كان بگێڕێته‌وه، ئه‌و بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر قوربانییه‌كان ده‌چێته نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرین و له‌وێ وێنه و چیرۆكی ئه‌و قوربانیانه بڵاوده‌كاته‌وه كه زۆرینه‌یان ئاواره و ژنان و منداڵن، به‌شێك له قوربانیه‌كان ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕو كه له گونده‌كانی ئه‌وان هیچ شه‌ڕڤانێكی لێنه‌بوه ته‌نها خه‌ڵكی سڤیل بونه‌ته قوربانی.
د.جوان پالۆت، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی عه‌فرین كه له روسیا پزیشكی ته‌واوكردوه و بۆ خزمه‌تی هاونیشتمانیانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه عه‌فرین ده‌ڵێت: له یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كه‌دا ته‌نیا ته‌رمی چوار شه‌ڕڤان و له رۆژانی دواتریشدا تا هه‌فته‌یه‌ك ته‌رمی حەوت شه‌ڕڤان گه‌یشتونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كه‌ی ئه‌وان، له‌كاتێكدا له لیستی قوربانییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ناوی (10) منداڵ و حه‌وت ژن و (17) پیاو هه‌بون كه زۆربه‌یان به‌ساڵاچوبون.
رۆبێرت فیسك رۆژنامه‌نوسی رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنت له راپۆرته‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كردوه، ئه‌و خۆی (49) برینداری له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ژماردوه كه ته‌مه‌نیان له سێ ساڵانه‌وه تا (75) ساڵ بون و كۆی برینداره‌كانیش خه‌ڵكی سڤیل بون.
بۆبینینی راپۆرتەکەی ئیندیپێندنت کلیک لەم لینکە بکە:
http://www.independent.co.uk/news/world/middle-east/afrin-turkey-invasion-syria-enclave-kurds-ypg-airstrike-war-civil-a8182266.html