(سبەى):
زۆرینەى هۆتێلەکانى مۆسکۆ لە ئێستاوە بۆ کاتى یاریەکانى مۆندیال لەلایەن هاندەرانەوە گیراون، ئەوەش بە وتەى بەڕێوەبەرى وەرزشى و گەشتیارى مۆسکۆ.
نیکۆلاى گۆلیاییڤ، بەڕێوەبەرى وەرزشى و گەشتیارى مۆسکۆ ئاماژەى بەوەکردوە زیاتر لە (1300) هۆتێل مۆڵەتیان هەیە و رێکارە پێویستەکانیان گرتوەتە بەر و پابەندى رێنماییەکانى شارەوانى مۆسکۆن و لە ماوەى بەڕێوەچونى یاریەکانى مۆندیالى (2018)دا پێشوازى لە میوانان و گەشتیاران دەکەن.
نیکۆلاى ئەوەشى خستوەتەڕو کە لە ئێستاوە (86%)ى ژورەکانى تەواوى هۆتێلەکانى پایتەخت لەلایەن هەوادارانى تۆپى پێ و هەڵبژاردە بەشدارەکانى مۆندیاڵەوە گیراون بەشێوەیەک (18%)ى ئەو رێژەیە هاوڵاتییانى روسیان لە شار و شارۆچکەکانى دیکەوە دێنە پایتەخت لەکاتى بەڕێوەچونى یاریەکانى مۆندیال و ژوری هۆتێلەکانیان بەکرێگرتوە.
ئەوەشى خستوەتەڕو؛ گەشتیارانى ئەرژەنتینى و بەرازیل و مەکسیک و ئێران لە ریزى پێشەوەى ئەو بیانیانەن کە زۆرترین داواکارییان هەیە بۆ بەکرێگرتنى هۆتێل و شوێنى مانەوە لە ماوەى بەڕێوەچونى پاڵەوانێتیەکە لە روسیا.