(سبەی):
رێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆی حیزبە سیاسیەکان لەشاری ھەولێر، دور و نزیک ھیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ بەشداریکردن لەلیستی ھاوبەش لەگەڵ حیزبەکان.
ھیمداد حەمەد عەلی رێکخەری ژوری پەیوەندییە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە یەکێک بو لەنوێنەری گۆڕان لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند: دور و نزیک ھیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ بەشداریکردن لەلیستی ھاوبەش لەگەڵ حیزبەکان.
وتیشی: بۆ ھەر پرسێکی گرنگ و گەورە، ھیچ وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ ناتوانێت بڕیار بدات، چونکە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی و ئەگەر پێویستی کرد، لەوێوە بڕیار دەدرێت.
ھیمداد حەمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەیەک لیستی ھاوبەش بەشدارین بەناوی لیستی ھاوپەیمانی نیشتمانی.
سەبارەت بەناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ژمارەیەک حیزبی سیاسی کە یەکێتی و پارتی تێیدا بەشداربون، هیمداد حەمەد وتی: کۆبونەوەکە تەنھا گوێگرتن بوە لەنێوان لایەنەکان لەسەر ھەندێ پرسی ھەنوکەیی کەھەندێک لە را و بۆچونەکان لەیەک نزیک بون و ھەندێکی تریش دور بون.