برزۆ مەجید: یاسا سەروەر بوایە، ئەوانەى پەرلەمانیان پەکخست دەبو دادگایی بکرانایە

(سبەی):

برزۆ مەجید رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان کە توانی بۆ یەکەمجار رەوت و رێبازی ئۆپۆزسیۆن بون لە پرۆسەی سیاسی و پەرلەمان دابهێنێت رۆڵى کاریگەرى هەبوە لە هۆشیارکردنەوە و رێگرى لە درێژەدان بە کارى نایاسایى و ئێستاش لەسەر پرەنسیپ و مەبادیئەکانى بەردەوامە و ئەگەر پەرلەمان پەکنەخرایە و حکومەت ئیفلیج نەکرایە کارى زیاتریشى دەکرد.

برزۆ مەجید سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (رادیۆی دەنگی گۆڕان) جەخت لەوە دەکاتەوە سەربارى رێگریەکان ئەم خولەی پەرلەمان زۆرترین چالاکی هەبوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە فراکسیۆنى گۆڕان رۆڵى بەرچاوى هەبوە لە چاودێریکردنى حکومەت و رێگرى لە دوبارەبونەوەى (30)ی حوزەیرانێکی دیکە.

هەروەک دەڵێت:”ئەگەر دامەزراوەی نیشتیمانی رۆڵیان هەبوایە و یاسا سەروەر بوایە، ئەوانەی رێگریان لە سەرۆکى پەرلەمان کرد و دامەزراوەکەیان پەکخست دەبو دادگایی بکرانایە و بەسزای خۆیان بگەیشتنایە، چونکە داخستنی پەرلەمان سومعەی هەرێمی لەکەدار کرد تەنانەت ئەو وەفدە بیانیانەی لەگەڵیان کۆبوینەتەوە توشی شۆک بون بەرامبەر ئەو کردەوەیە”.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە

ئامادەکردنی / لەیلا جەمال

شکستی شانزەی ئۆکتۆبەر بنبەستی شکستی سیستمی حوکمڕانی (سەرۆکایەتی – ناشەرعی) هەرێمی کوردستان بو.

لە هەشت ساڵی رابردودا بەهۆی سەرهەڵدانی بیری چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی، کە لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕاندا فۆرمەڵە بو، کورد لە باشوری کوردستان دەرگای دەرفەتێکی مێژویی بەڕودا کرایەوە بۆ چاکسازی کردن لە سیستمی حوکمڕانیدا، لەسەر بنەمای پشت بەستن بە بنەما شەرعی و دیموکراتیەکان، هەروەها دامەزراندنی ئابوریەکی بەهێز و بەڕێوەبردنی شەفاف بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیان، بەڵام پەکخستنی پەرلەمان کە دواتر بەلاڕێدا بردنی سیاسەتی هەرێمی لێکەوتەوە، مێژوی سیاسی و حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لە روانگەی نێودەوڵەتیەوە کۆتایی پێهێنا.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان وەک دوەم هێزی سیاسی بڕیاریدا ببێتە ئۆپۆزسیۆن و لەو چوارچێوەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستی لەکار کێشایەوە.

هەرێمی کوردستان، لە دیدی هاونیشمانیانەوە،  گۆڕانکاری ریشەیی هەڵدەگرێت. ئاڕاستەی پاڵپشتیە نێودەوڵەتیەکانیش روەو پشگیری کردنی رەوتی دیموکراسی و ئازادی و چاکسازین.

لە میانی زنجیرەیەک  چاوپێکەوتندا، دەسکەوتەکانی خەباتی پەرلەمانی لە رابردو، دەرفەتەکانی سەرکەوتنی رەوتی دیموکراسی و چاکسازی، بنەبڕکردنی گەندەڵی بۆ ئایندە، دەخەینەڕو، لەگەڵ میکانیزمە جیاوازەکان بۆ کۆتایی هێنان بە مۆتەکەی دیکتاتۆری لەهەرێمی کوردستان.

 

* بەشداری ئێوە وەکو گۆڕان بە (24) کورسییەوە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان قورسایی چەند بو، ئایا بەم قەبارەیە توانیتان چ کاریگەرییەک دروست بکەن؟

برزۆ مەجید: بزوتنەوەی گۆڕان لە خولی سێیەمی پەرلەمانیش بە (25) کورسی بەشداربوین، توانیمان بۆ یەکەمجار رەوت و رێبازی ئۆپۆزسیۆن بون لە پرۆسەی سیاسی و لەناو پرۆسە سیاسییەکەش لە پەرلەمان دابهێنین، ئەم داهێنانە گەورەیە شۆڕشێکی مەدەنی بو وەرچەرخانێک بو لە هەرێمی کوردستان کە تەنها جەمسەری دەسەڵاتی تێدا بو، دەنگی خەڵکە ناڕازیەکە و خەم و کێشەکانی خەڵک نەدەگەیەنرایە شوێنی خۆی، بۆیە لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن بوندا فراکسیۆنەکەمان رۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی بەوەی کە دەنگ و کێشەی خەڵک بێتە ناو پرۆسەی سیاسی و بەرگری لێ بکرێت و شەڕی لەسەر بکرێت.

دوای ئەوەی بناغەی ئۆپۆزسیۆن بونمان دانا، بە دانپێدانانی دۆست و نەیار ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بوین لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەبو بۆ هەڵبژاردنەکانی (2013) گۆڕان بە بەرزکردنەوەی دروشمی بەرەو دەسەڵات بۆ ئەوەی ئەو رەخنەو پرۆژەو کەموکوڕییانەی کە دەستنیشانمان کردون لە چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن بوندا، خۆمان لە هەڵبژاردن و لە کابینەیەکی تری حکومەتدا خۆمان بەشدار بین لە چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانەی کە دیاریمان کردبون. لەو روانگەیەوە ئێمە بە (24) کورسیەوە بەشداریمان کرد لە پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتی پەرلەمانمان وەرگرت، لە حکومەت چەند وەزیرێکمان وەرگرت، لەم چوار ساڵەی رابردو توانیمان رەوتێکی نوێ و شێوازێکی کاری نوێ بهێنینە کایەوە، ئەگەر بەتایبەت تر قسە لەسەر پەرلەمان بکەین بە دانپێدانانی زۆرێک، ئەم خولەی پەرلەمان زۆرترین چالاکی هەبوە، پەرلەمانتاران توانیویانە باشتر دەنگ و خەمەکانی خەڵک لەناو پرۆژە یاساو پرۆژە بڕیارەکان جێبکاتەوە، هاوکات پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆڕان بە هاوکاری فراکسیۆنەکانی تر بە باشی رۆڵی چاودێری خۆی بەسەر حکومەتی هەرێم بە باشی ئەنجامیدابو، بۆیە دەبینین دوای ماوەیەکی کەم لەم خولە، حکومەتی هەرێم توش گرێیەکی دەرونی بو لەگەڵ ئەم پەرلەمانە، تا وایلێهات سەرۆکی حکومەت نەیدەهێشت وەزیرەکان بێنە پەرلەمان بۆ بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە، ئەوە دەلالەتی ئەوەیە ئەم خولەی پەرلەمان چالاک بوە، بۆیە بەهاوکاری بەشێک لە فراکسیۆنەکانی تر، وەک فراکسیۆنی گۆڕان توانیومانە زۆر کاری باش بکەین هەم لەو پرۆژەو بڕیارانەی دەرکراون، هەروەها لە هەندێ دۆسیەی گەورەی وەک قەیرانی دارایی و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم، لەسەردەمی شەڕی داعش و چۆنێتی بەرەنگاربونەوەی داعش.

 

* بۆچی دەنگتان بە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا، ئامانجتان چی بو؟

برزۆ مەجید: لەبەرئەوەی ئێمە دروشمەکان لەوکاتەدا بەرەو دەسەڵات بو، دەمانویست بەو کورسیانەی هێناومانە بە رێککەوتنی سیاسی و لەبەر رۆشنایی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، بەشداریمان کرد لە حکومەتی هەرێم، ئەمەش بۆ ئەوەی چاکسازی بکەیت و بژێوی خەڵک دابین بکەیت و سەروەری یاسا بپارێزیت، کاتێکیش لەو حکومەتە بیت و بڕیاری بەشداری کردنت دابێت دەبێت دەنگیشی پێ بدەیت.

 

* بە چ ستراتیژو پلانێک چونە ناو حکومەتەوە یاخود ستراتیژی ئێوە بۆ کارکردن لەم حکومەتەدا چی بو؟

برزۆ مەجید: لەبەر رۆشنایی ئەو بەرنامە سیاسییەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکەی (2013) ئامادەی کردبو، بەشداریمان لە کابینەی هەشتی حکومەتدا کردو چەند پۆستێکمان وەرگرت، هەم لە پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمانمان وەرگرت، پوختەی بەرنامە سیاسیەکەی گۆڕان خۆی دەبینێتەوە لە؛ سەروەری یاسا، پاراستن و باشکردنی بژێوی خەڵک، بڕین و دەرهێنانی دەستی حیزب لە جومگەکانی حوکمڕانی، کە دەبینین ئەو وێرانەیەی ئێستا هەرێمەکەمان توشی بوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەستی یەکێتی و پارتی گەیشتوەتە هەمو جومگەکانی حوکمڕانی، شەفاف کردنی سەرچاوەکانی داهات بە تایبەت نەوت و داهاتەکانی ناوخۆ و گومرگەکان، بە نیشتیمانی کردن و شەفاف کردنی پەیوەندیە دبلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان، شەفاف کردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی و چەند تەوەرێکی، ئەمانە هەمو ئەو خاڵانە بون کە گۆڕان کە خستبویە پرۆژەی بەرنامەی سیاسی خۆی بۆ ئەوەی لە پەرلەمان و حکومەتدا جێبەجێی بکات، بەڵام بەداخەوە بینیمان حیزبەکانی دەسەڵات بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی ئەوەی رۆشنبیری دەستاو دەستکردنی دەسەڵات و قبوڵ کردنی رەخنەیان نیە، ئەوە وایکرد کە حیزبەکانی پێشوی دەسەڵات توشی بەریەککەوتن بن لەگەڵ ئێمە، نەیانبینیبو بەو جۆرە سەرۆکایەتیەو بەوجۆرە کارکردنە.

 

* ئێوە لەو خولەی پەرلەمان هەرچەندە زۆریش ماوەتان پێ نەدرا، چۆن بەو ماوە کەمە توانیتان تەواوکاری ئەو ستراتیژو پلانانە بکەن کە بزوتنەوەی گۆڕان دەیویست لە دەسەڵاتی تەنفیزیدا جێبەجێی بکات؟

برزۆ مەجید: بە شایەتی زۆرێک لە لایەنەکان، لە سەرەتادا وەزیرەکانمان و سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەمان ئەوەندەی هەوڵماندا توانیمان بەشێک لە کارنامە سیاسیەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین، بەڵام دو ساڵ زیاتر پەرلەمانی کوردستان پەکخرا، بۆیە بە حوکمی داخستنی پەرلەمان و رێگریکردن لە وەزیرەکانمان لە پرۆسەی جێبەجێکردنی کارنامە سیاسیەکەی گۆڕان لەناو حکومەت و پەرلەمان توشی کێشەی کات بوین، نەمانتوانی هەمو پرۆژەو بەرنامە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین، بەڵام ئێستا کە گۆڕان بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی داوە، هەوڵدەدەین لەم رێگەیەوە ئەوەندەی پێمان بکرێ تەواوکردن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەی گۆڕان بکەین.

 

* دەنگدانتان بە کابینەی هەشتەم، هیچ ئەرکێکی چاودێری کردنی کۆت و بەند نەکردبون؟

برزۆ مەجید: هەر لە ساڵی (1992)ەوە یەکێتی و پارتی هەوڵیاندەدا کە پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی کارتۆنی بێت، رۆڵی نەبێ و چاوپۆشی لە گەندەڵی و پێشێلکردنی یاساو دو ئیدارەیی بکات، هەروەها یەکێتی و پارتی وایان دەزانی ئەگەر حیزبێک خۆی لە حکومەت بو پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان دەبێت چاویان دابخەن بەرامبەر حکومەت و رەخنەو لێپرسینەوەیان نەبێت لە حکومەت و سەرۆک و جێگرەکەی، نەیاندەزانی کە لە بنەڕەتدا حیزبێک لە دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆن یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکەی رۆڵی چاودێرییە بەسەر حکومەتەوە بۆ ئەوەی یاسا پێشێل نەکات و گەندەڵی نەکات، بۆیە یەکێتی و پارتی ئەمەیان قبوڵ نەبو پێیانوابو مادام گۆڕان لە حکومەتە دەبێت گۆڕان بێدەنگ بێت بەرامبەر گەندەڵی و یاساشکێنییەکان، بەڵام بەپێی بەرنامەکەی گۆڕان و پرۆفیشناڵی و پیشەیی بونی پەرلەمانتار وا دەخوازێت کە حیزبەکەت لە ئۆپۆزسیۆن بێت یان دەسەڵات، دەبێت لێپرسینەوە لە حکومەت بکات و رێگری لە گەندەڵی بکرێت و گەندەڵ بدرێت بە دادگا، بۆیە ئەمە وایکرد بەریەککەوتنی زیاتر لەگەڵ یەکێتی و پارتی روبدات، بینیمان لە کۆتاییدا بەداخەوە بەشێوازێکی ناسایی و نامەنتقیانە سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێگەی نەدا وەزیرەکان بچنەوە سەر کارەکانیان، ئەمە لە کوێی دنیادا بوە؟ ئەسڵەن سەرۆکی حکومەت و جێگرو ئەندامانی کابینەکەی بەرپرسن بەرامبەر پەرلەمان.

 

* رەخنەیەک هەیە لەسەر فراکسیۆنەکەتان کە لەئاستی پێویستدا نەبوە کارەکانتان، وەڵامی ئێوە چیە؟

برزۆ مەجید: جارێ هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەر رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی و هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا رەخنە لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەگرێت ئێمە سوپاسی دەکەین و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان ئەگەر هیوایەکی مابێت، ئەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنەکەیەتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو رەخنانە لای ئێمە رێزلێگیراون، زۆرجاریش رەخنەو سەرنجی هاوڵاتیان کاریگەری کردوەتە سەر بڕیاری سیاسیمان، بەڵام وەک وتم بە دانپێدانانی دۆست و نەیار ئەم خولەی پەرلەمان چالاک ترین خولی پەرلەمان بو، بۆ نمونە ژمارەی ئەو پرسیارو یاداشتانەی ئاراستەی حکومەت کراون، ئەو داواکاریانەی بۆ دادگایی کردنی بەرپرسانی گەندەڵ دراون، هەروەها کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم کە نەمانهێشت (30)ی حوزەیرانێکی تر دوبارە بکرێتەوە، هەروەها مەسەلەی نەوت و شەفافیەت و پاراستنی داهاتی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵک دروستکردنی سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازیەکان و لەگەڵ چەندان پرۆژەو یاداشت و هەمواری تر. لەو ماوەیەی لەبەردەستدا کە هێشتا پەرلەمان پەکنەخرابو پێمانوایە ئەوەندەی توانیومانە هەوڵمانداوە بە پشتیوانی خواو خەڵکانی دڵسۆز بەرنامە سیاسیەکەی گۆڕان جێبەجێ بکەین، بەڵام کە دەبینین رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان دەکرێت و پەرلەمان دو ساڵ دادەخرێت، بەوهۆیەوە زەمینەی کاری  کە پەرلەمان و حکومەتە جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەی گۆڕان کێشەی تێدەکەوێت.

 

* رۆڵی ئێوە لە دوای کارا کردنەوەی پەرلەمان بەو شێوازە نایاساییە چی بو لەناو پەرلەمانی کوردستان و تائێستاش؟

برزۆ مەجید: ئێمە لە سەرەتاوە بە بەیاننامەیەک رامانگەیاند کە ئەم کاراکردنەوەیە دورە لەهەمو عورفێکی یاسایی و پەرلەمانی، سەرۆکی پەرلەمان بە چ هێز و مەنتقێک رێگەی لێدەگریت  و نایەڵیت بێتەوە سەر کارەکەی، بۆیە ئەوە کاراکردنەوەیەکی نایاسایی بو کاتی خۆیشی قسەمان لەسەر کردوە، بۆیە ئێستا پەرلەمان لە دۆخی ئاسایی خۆیدا ناژی، بەڵام ئێمە فراکسیۆنێکین رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بون دەبینین، چونکە کشاینەوە لە سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت.

گۆڕان بە دەنگی خەڵک و بە فراکسیۆنێکی گەورە هاتۆتە ناو پەرلەمان، رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بون دیارە، رێگرییە لە گەندەڵی، دەرکردنی بڕیارو یاسای باشە، چاوپۆشی نەکردنە لە بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵک و گەندەڵەکان، هەروەها دیاریکردنی هۆکارەکانی ئەم شکستەی دەسەڵاتە لە دوای ریفراندۆم و پێش ریفراندۆم کە ئەزمونەکەمانیان چۆن لەق کردو خەبات و خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان کرایە قوربانی هەندێ عینادی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی.

 

* داخستنی پەرلەمان کارەسات بو یان هەڵە کە لە پرۆسەی سیاسی حکومەتێکی بنکەفراواندا رویدا لەو کابینەیەی کە ئێوە ئومێدتان پێبو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەتان؟

برزۆ مەجید: نەک هەڵە، بەڵکو عەیب و شورەیی و کودەتا بو، دور لە هەمو ئەخلاقیاتێکی سیاسی و دور لە یاسا کرا، لە هیچ شوێنێکی دونیادا نەبوە بەبڕیارێکی دواکەوتوانەی مەکتەبی سیاسی حیزبێک رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکەیت و دوایش پەرلەمان دابخەیت، ئەگەر دامەزراوەی نیشتیمانی رۆڵیان هەبوایە و یاسا سەروەر بوایە، ئەوانەی بەم کارە هەستان و ئەم هەڵسوکەوتەیان کرد، دەبو ئێستا لە دادگاکان دادگایی بکرانایەو بەسزای خۆیان بگەیشتنایە، بۆیە داخستنی پەرلەمان سومعەی هەرێمی لەکەدار کرد، ئەو وەفدە بیانیانەی لەگەڵیان دانیشتوین وەکو گۆڕان توشی شۆک بون بەرامبەر ئەو کردەوەیەو رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و داخستنی پەرلەمان، دوای ئەوەش کە شکستی ریفراندۆمی بەسەردا هات ئەوکاتەش ئەگەر پەرلەمان هەبوایە شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەمشێوەیە نەدەبو، بەڵکو لەرێی پەرلەمانەوە لەبەرژەوەندی خەڵک و سەروەر بونی یاساو بۆ دروستکردنی رای گشتی لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵماندەدا ئەو رای گشتیە دروست بکەین، نەک بڕیاری تاکەکەسی و عینادی حیزبی و سیاسی کە ئەزمونەکەمانی بردەوە خاڵی سفر. خاڵێکی تر لە زیانی داخستنی پەرلەمان، ئەم حکومەتە کە خۆی شکستخواردو گەندەڵ بو، بەڵام چاودێری پەرلەمانی لەسەر نەماو بەبێ چاودێری پەرلەمان کارەکانی دەکرد، بۆ نمونە یەکێک لەو بڕیارە خراپانەی بەبێ پەرلەمان دەریکرد، بڕینی موچەی خەڵک بەناوی پاشەکەوتەوە، کە ئێستا دەبینین دۆخی دارایی و بژێوی خەڵک لە دۆخێکی خراپدایە، لەگەڵ چەندین مەسەلەی تر کە ئەم حکومەتە لە غیابی پەرلەمان فرسەتی لێ هێنا، وەک ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی بواری نەوت بەبێ ئاگاداری پەرلەمان.

 

* ئەگەر لەسەر یاسا قسەبکەین، کۆمەڵێک پرۆژەو بابەت هەبون کە دەبو ئەم خولەی پەرلەمان یاسایان بۆ دەربکات، ئەو مەترسیانەی لەمڕوەوە کە داخستنی پەرلەمان دروستی کرد چی بون؟

برزۆ مەجید: ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەگەڵ ئەو کاراکردنەوەیە چەندین پرۆژەیاسای باش پەکخراون، وەک پاککردنەویە تۆماری دەنگدەران، پاککردنەوەی لیستی موچە، ئینجا ئەوانەی پێشو بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان لە هەرێمی کوردستان و بە دامەزراوەیی کردنیان و چەندین پرۆژەی تر کە ئەم دو ساڵە زیانی زۆری گەیاندوە.

 

* ئێوە ئومێدتان بە خەباتی پەرلەمانی ماوە؟

برزۆ مەجید: بزوتنەوەی گۆڕان لەهەر کوێیەک لەهەر پانتاییەک، کە بزانێت دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خەڵک، سەروەری یاساو رێگریکردن لەگەندەڵی بکات، ئەوا دەیکات، یەکێک لەو شوێنانەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە سیاسیەکەی تێدا جێبەجێ دەکات و خەباتی تێدا دەکات خەباتی پەرلەمانیەو کە لای ئێمە لەژێر پرسیاریشدایە، وەک دەزانین کاک نەوشیروان رۆحی شاد بێت ئەم قسەیەی کردو فەرموی خەباتی پەرلەمانی لە کوردستان ئێستا لەژێر پرسیاردایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چاوەڕێ دەکەین بزانین دۆخی هەرێمی کوردستان بزانین بە چ ئاقارێک دەگات، بەرژەوەندی گشتی خەڵک، جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەی گۆڕان چ شتێک بخوازێت لەسەر فراکسیۆنەکەمان ئێمە ئەوە دەکەین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە