دوای (15) ساڵ … کەرکوک ناوەکەی بۆ دەگەڕێتەوە

(سبەی):

دوای نزیکەی (15) ساڵ لە روخانی رژێمی پێشو، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی ناوی تەئمیم و گەڕانەوەی ناوی کەرکوک دەکات بۆ پارێزگاکە.

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، گفتوگۆکرا لەسەر پرۆژە یاسای گۆڕینی ناوی پارێزگاکانی قادسیە و تەئمیم بۆ دیوانییە و کەرکوک و گەڕانەوەی ناوە رەسەنەکانیان بۆ پارێزگاکان، کە پرۆژەکانی لەلایەن لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانەوە ئامادە کرابو.

لیژنەی پەیوەندیدار و نوێنەرانی شارەکە، داوایەکی فەرمی دانیشتوان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان پێشکەش کرد بۆ گەڕاندنەوەی ناوی رەسەنی کەرکوک بۆ پارێزگاکە و پەرلەمانتارانیش داوایان کرد، پەلەبکرێت لە پەسەندکردنی پرۆژە یاساکان و سڕینەوەی شوێنەواری بڕیارەکانی بەعس و تەعریب لەسەر پارێزگاکان.

لەسەرەتا دەستپێکردنی پرۆسەی تەعریبی شاری کەرکوک لەسەردەستی رژێمی سەدام حسێن، ناوی کەرکوک گۆڕدرا بۆ تەئمیم وەک بەشێک لە پرۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە و دوای نزیکەی (15) ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس و بەکارهێنانەوەی ناوی کەرکوک لە بڕیار و یاسا فەرمییەکاندا، بەڵام تائێستا بەپێی یاساکانی پێشو پارێزگاکە ناوی تەئمیمە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە